بەهۆی بۆردومانی توركیا دوو شەڕڤانی یەپەگە شەهید بوون

ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ جاری دووەم سوپای تورکیا هێرش و بۆردومانی بۆسەر ناوچەکانی ژێردەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لە سوریا دەستپێکردەوە، بەپێی ئامارەکان دوو شەڕڤان شەهید بوون.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردوە، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ دووەم جار، هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیا بۆسەر هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لە باکوری سوریا دەستیپێکردەوە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ئاشکرا کراوە، دوو شەڕڤانی یەپەگە بەهۆی بۆردومانەکانەوە شەهید بوون، ئاماژە بە ژمارەی بریندار نەکراوە.

شەوی رابردوو سوپای تورکیا بۆردومانی بۆ سەر بارەگاکانی یەپەگە لەنزیک شارۆچکەی عەزازی سوریا دەستپێکرد، میدیاکانی تورکیاش رایانگەیاند، چەندین جۆری تانکی پێشکەوتوو لەو بۆردومانەدا بەکارهێنراون.


هەفتەی رابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە یارمەتی هێزەکانی یەپەگە فڕۆکەخانەی مینغ و چەند گوندێکی دیکەی نزیک شاری حەلەبیان کۆنتڕۆڵکرد، حکومەتی تورکیاش لەوبارەیەوە ناڕەزایی خۆی پیشاندابوو.


جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، داوامان لە تورکیا کردووە، بۆردومانەکانی بۆ سەر پەیەدە لە سوریا بوەستێنێت، هاوکات داوامان لە هێزە کوردییەکانی سەر بە پەیەدەکردووە، ئاڵۆزییەکان نەکەنە دەرفەتێک بۆئەوەی ناوچەی زیاتر بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.



PM:01:23:14/02/2016