لیستی سەربەخۆ مامۆستایان سەرپشکدەکەن لە شکاندنی بایکۆت

مامۆستایانی لیستی سەربەخۆ مامۆستایان سەرپشکدەکەن لە شکاندنی دەوامکردن، یان بەردەوامبوون لە بایکۆتکردن.

لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، مامۆستایانی سەربەخۆ دەڵێن"بۆیە ناچارین وەك لیستی سەربەخۆ لەپێناو پەرتەوازە نەبونی زیاتری مامۆستایان سەبارەت بەبڕیاری بایكۆت شكاندن یاخود بەردەوامبون، ئەوە بۆ مامۆستایان خۆیان بەجێبهێڵین، ئازادن لەوەی كە پابەند دەبن بەبایكۆت كردن یان خۆبەخشانە گەڕانەوە بۆ دەوام". 

رونكردنەوەیەك لەلیستی مامۆستایانی سەربەخۆوە

بەپێی بەیاننامەیەك كە لیستی هاوبەش لەسكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، بڕیارە سبەینێ‌ بایكۆتی مامۆستایان بشكێنرێت‌و دەوامی فەرمی دەستپێبكاتەوە، لەمبارەوە وەك لیستی سەربەخۆی مامۆستایان ئەم رونكردنەوەیە بەپێویست دەزانین:
یەكەم: لەو بڕیارەی لیستی هاوبەشدا هیچ پرس‌و راوێژێك بەئێمە نەكراوەو لێی بەرپرس نین.

دووەم: ئێمە سورین لەسەر ئەوەی كە داواكارییەكانی مامۆستایان جێبەجێ‌ بكرێت، كە گرنگترینیان پێدانی موچەی تەواوو مانگانە لەكاتی خۆیدایە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئامڕازی هاتوچۆش بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار دابینبكرێت. 

سێهەم: ئێمە بەداخەوە پێمانوایە مامۆستایان نەیانتوانی هەڵوێستێكی یەكانگیریان هەبێت بەرامبەر بەو كێشەیەی كە بەرۆكی بەهەموو مامۆستایان بەبێ‌ جیاوازی گرتوە، دیارە هۆكاری ئەمەش هەژمونی حیزبیە بەسەر بەشێك لەو رێكخراوانەدا كە خۆیان وەك نوێنەری مامۆستایان دەناسێنن وە بێباكی دەسەڵات ولایەنە پەیوەندیدارەكان بەرامبەر داخوازی مامۆستایان وچارەنوس وداهاتوی خوێندكاران . بۆیە ناچارین وەك لیستی سەربەخۆ لەپێناو پەرتەوازە نەبونی زیاتری مامۆستایان سەبارەت بەبڕیاری بایكۆت شكاندن یاخود بەردەوامبون، ئەوە بۆ مامۆستایان خۆیان بەجێبهێڵین، ئازادن لەوەی كە پابەند دەبن بەبایكۆت كردن یان خۆبەخشانە گەڕانەوە بۆ دەوام‌و پرۆسەی خوێندن، داواكارین و داكۆكیكەردەبین كە هیچ مامۆستایەكیش لەسەر بەردەوام بوون لەبایكۆت كردن روبەڕووی سزادان نەبێتەوە.

چوارەم: گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ پرۆسەی خوێندن لەپێناوی نەفەوتانی خوێندنی ساڵێكی قوتابی‌و خوێندكاراندایە، هەرچەندە زۆربەی ئاماژەكان روەو ئەو ئاڕاستەیەن كە ئەم قەیرانە درێژەدەكێشێت‌و لەساڵی داهاتووی خوێندنیشدا بەردەوام دەبێت، بۆیە داواكارین لەكەسوكاری قوتابی‌و خوێندكاران پشتیوانی لەداواكارییەكانی مامۆستایان بكەن، كە جێبەجێكردنیان تەنها چارەسەرە بۆ ئاسایی كردنەوەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن.
                                                      نەوشیروان حەمە غەریب 
                   نوێنەری لیستی مامۆستایانی سەربەخۆ لەیەكێتی مامۆستایانی كوردستان – لقی سلێمانی
                                                           26/3/2016



PM:08:28:26/03/2016