عەلی حوسێن: بکوژی قوتابیەکەی زانکۆی جیهان هەڵهاتووە

‌وێنەی قوربانیەکە خوێندکارە لە زانکۆی جیهان
بەرپرسی لقی دووی پارتی لەسەر کوژرانی قوتابییە بێ تاوانەکەی جیهان لەسەر فوول لایتی ئۆتۆمبیلەکەی لەلایەن ئەفسەرێکەوە، دەڵێت" بکوژەکە ئەفسەرەو شەوێک لە فەرماندەیەکەی گیراوە، بەڵام هەڵهاتووەو رادەستی پۆلیس نەکراوە".

عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی کە خزمایەتی لەگەڵ قوربانییەکەدا هەیە داوا دەکات بکوژەکە دەستگیربکرێت.

 

بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتیی كوردستان، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕووداوی كوژرانی قوتابییەكەی زانكۆی جیهان لە لایەن بكوژێكەوە ڕاگەیاند و داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كرد، ڕێوشوێنی یاسایی لەدژی بكوژەكە بگرنە بەر. برای كوژراوەكەش دەڵێت: ”ئەو قسانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی ئێمەوە دەكرێت گوزارشت لە بۆچوونمان ناكات".


دوای ئەوەی شەوی 2 لەسەر 3\5\2016، قوتابییەكی زانكۆی جیهان بە ناوی بارزان ڕەشید، لەلایەن كەسێكەوە بە گوللە كوژرا و هۆكارەكەشی بۆ (لایتی بەرزی ئۆتۆمبێل) گەڕێندرایەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وابڵاو كرایەوە كە بكوژەكە، خزمی نزیكی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتیی كوردستانە.


لەمبارەیەوە عەلی حوسێن، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ڕاگەیاند، بكوژەكە ناوی (ج)ە و كوڕی (ج. خ)ە كە كادیرێكی سەربازیی دیارە، هەروەها كوڕی خوشكی ئەویشە. دەشڵێت: ”ئێمە قسەمان لەسەر هەق و ناهەق نییە، یاسا دەزانێت ئەم بابەتە چۆنە، ئەوەی خەڵكی كوشتووە هەر چۆنێك بێت، بكوژە".


سەبارەت بە ڕۆڵی ئەو لە بەیاسا گەیاندنی بكوژەكە، عەلی حوسێن بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”شەوی ڕووداوەكە، خانەوادەی قوربانییەكە كە دۆستی ئێمەن و زیاتر لە 25 ساڵە هاتوچۆمان هەیە، یەكەم كەس پەیوەندییان بە منەوە كرد و منیش پەیوەندیم بە پۆلیسەوە كرد، هەر خۆم ئۆتۆمبێلەكەم بۆیان دۆزیوەتەوە و بەخۆشم پێم گوتوون كە بكوژەكە كێیە؟ دوای ڕووداوەكە، باوكی ئەو كوڕە پێی گوتم كە كوڕەكەم كارێكی خراپی كردووە، منیش پێم گوت كە لەگەڵ ئەوە دام بگیرێت، بەڵام بكوژەكە ئامادە نەبوو خۆی ڕادەست بكات".


ئەو بەرپرسەی لقی دووی پارتی دیموكراتیی كوردستان باسی لەوە كرد كە داوای لە برایەكی خۆی كردووە كە فەرماندەی سەربازییە، هەوڵ بدات بكوژەكە لەسەر خۆڕادەستكردنی بە فەرماندەیی پێشمەرگە ڕازی بكات، چونكە بكوژەكە ئەفسەرە لە یەكێك لە فەرماندەییەكانی پێشمەرگە، بەڵام سەرەتا ئەو بكوژە ڕازی نەبوو. گوتیشی: ”دوای هەوڵدانێكی زۆر، براكەم باوەڕی بە بكوژەكە هێنا تاوەكوو خۆی بداتە دەست فەرماندەیی هەولێر، كە (ج) چوو، بۆ خۆم تەلەفۆنم بۆ فەرماندەییەكەی كرد و داوام لێ كردن كە ئەو كوڕە بگیرێت و بیدەنە دەست یاسا. تەلەفۆنیشم بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر كرد، تاوەكوو هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی بكەن، بكوژەكە وەربگرن. بەڵام دوای ئەوەی شەو لە بارەگای لیوای فەرماندەییەكە ماوەتەوە، ڕۆژی دواتر كاتێك ویستوویانە بۆ هەماهەنگی بیدەنە پۆلیس، لە دەستیان ڕای كردووە، ئێمە كەمتەرخەمییەكە دەخەینە ئەستۆی فەرماندەیی، چونكە ئەو كوڕە بكوژ بووە".


عەلی حوسێن ئەوەی نەشاردەوە كە هەمان شەو سەردانی ماڵی قوتابییەكەی زانكۆی جیهانی كردووە و گوتی: ”هەمان شەو چوومە ماڵی قوربانییەكە، پێم گوتن كە وەك بەرپرسی لقی پارتی لە هەولێر سەردانم كردوون نەك خزمی بكوژ، پێم گوتن كە لەگەڵ یاسا داین و كاری ئێمە نییە وەك پۆلیس هەڵسوكەوت بكەین، بەڵام لە ڕووی خزمایەتی و حزبایەتییەوە هەوڵمان داوە بدرێتە فەرماندەیی و من لەگەڵ یاسا دام. پێگەی من هی ئەوەیە كە بەرپرسانە مامەڵە بكەم. خانەوادەی قوربانییەكەش سوپاسی ئەوەیان كرد".


بە بڕوای ئەو، كەسێكی بێ تاوان كوژراوە، بۆیە داوای لە كەسوكاری بكوژەكە كردووە، هەر چۆنێك بێت، كوڕەكە ڕازی بكەن، تاوەكوو خۆی بداتە دەست یاسا. دەشڵێت: ”كەسوكاری و باوك و برا و مامەكانی وەلی ئەمری ئەون، ڕاستە خوارزامە، بەڵام داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەم، بیدەنە یاسا، چونكە فعلەن ئەو خانەوادەیەی دیكە، زوڵمیان لێ كراوە. هەر كەسێكیش قسە بكات، بۆ خۆی دەیكات و من ئەوەی لە ئەستۆم بووە، بە زیادەوە كردوومە". جەختیشی لەوە كردەوە كە هەر زانیارییەك هەبێت، چ بۆ خۆی هەوڵ بدات، یان لە ڕێگای دامەزراوە یاساییەكان، بۆ بەیاساگەیاندنی بكوژەكە، هەوڵی خۆی دەدات.




PM:11:51:06/05/2016