داوا لەمامی "چاوان" دەكرێت پۆستەكانی لە فەیسبوك لاببات لەسەر چاوان

سەربەست، مامی "چاوان" ئەو ژنە خوێندكارەی پاش پەیوەندیی هاوسەرگیری لەگەڵ عەبدولەتیف سەلەفی كرد، رایدەگەیەنێت سۆرانی برای داوای لێكردوە پۆستەكانی لە فەیسبوك لاببات "تا ئاشوبێك بەرپا نەبێت لەكوردستان".

سەربەست دەنوسێت: سۆران-ی برام، باوکی چاوان تێلی بۆ کردم تۆزێک لەمەوبەر!. لە سەر گەورەی ماڵ و برای گەورەمانەوە ، تکاو ڕجای لێکردم تا پۆستەکانم بکوژێنمەوە، تا ئاشوبێک بەرپا نەبێت لە کوردوستان.
سۆران فەرمووی: تۆ لە کۆی مەسەلەکان حاڵی نییت و چاوان دەمێکە لە ئورڤان جیابۆتەوە... و حاشا لە چاوان- ناکەم و شانازی بە کچەکانمەوە دەکەم کە بەری عەشقێکی پاکژ و جوانن.

منیش وتم: جا برای خۆم، کە تۆ خاوەنی شانازییەکی هێندە مەزن بیت، کە ڕێگا بە کچی خۆت بدەیت سەرپشک ژیانی خۆی بنیات بنێت، هەقە کورد وێنەی تۆ بکەن بە ئێخەیانەوە.
من کارێکی هەڵەم نەکردووە کە داکۆکی لە کچی برای خۆم دەکەم... بەڵام ئیتر ئایینەکەتان وا دەڵێ و سەرباری ئەوەش کە من دژی توندرەویی ئیسلامی سیاسیم، هەڵناکوتمە سەر عەشق و سۆزی کەس و کەسم زامار نەکردووە بەوەی کە ماف دەدەم بە چاوان-ی برازام تا ژیانی خۆی تەون بکات.
سۆران وتی: بەڕاستی کێشەکەیان کردووە بە دومەڵ لەسەر ژیان و گیانمان و نان و ئاومان لێ حەرام بووە و بیر لەوە دەکەمەوە خۆم بکوژم و شەوو ڕۆژ خواردن و خەوم بەبا دانی جگەرەیە و دان و جەرگ و دڵ و سیەکانم بوون بە سیپاڵ و مەراق و خەم دەمخوا و دەمگەزێت.
وتم: برای بەڕێز و ئازیزم، ئێوە دەبێت شانازی بە ئازادیی خۆتانەوە بکەن... ئەوەی شانازییتان پێوە ناکات، دەربەستی مەبن... مادام وەک باوک هەڵەی من ڕاست دەکەیتەوە، و سەلماندت کە حاشات لە کچی خۆت نەکردووە... ئافەرین، مایەی شانازیی منیت و برای خوێنیی منیت... بەڵام زاواکەمان پێ دەچێت هێندە بوێر نەبێت کە بێتە سەر مینبەر و بە فەرمی داکۆکی لەو دینە بکات، کە ڕێگای پێداوە سێ و چوار ژنی هەبێت.
دکتۆرەکەتان، ئەرکی سەرشانێتی میللەتێک سەرقاڵی بوختان نەکات و بە فەرمی پەیوەستی هاوسەرگیریی خۆی بگەیەنێت بە مێدیاکان... دەنا چاوان نابێت ڕێگە بە خۆی بدات کە کەسێکی نامەرد هاوسەری بێت.
با میللەت بزانن لێرەوە، کە چاوان دوای جیابوونەوەی لە ئورڤان، بە شێوازێکی ژیرانە و زانا، لەسەر خواستی هەردولا جیابوونەتەوە و ئێستا لە چوار مانگ تێپەڕیوە و پەیوەندیی خۆشەویستیی ئەو، دوای ئەو کێشانە بووە. پاشان ئەو کێشانە لە هەموو جیهاندا هەن و نوێ نین بە نەرێت و دابی کورد... ئەوەی نا نەرێت و نا ئاکاری و ناشرینە، ژن بە ژن و ژن بە جاش مارە کردن و ژن ناچار کردنە بە زۆر و داگیرکاریی مافی ژنە لە کۆمەڵگەدا.
پاشان هەر موسوڵمانەکان و سەلەفێکان نین، بگرە دیموکرات و سکۆلاریشمان هەن کە ئەندام پەرلەمانن و خاوەنی دوو و سێ ژنی بن دیوارن.
ئەوەی لەسەرمانە، ئەوەیە کە مافەکانی ژن دابین بکەین و ئازادییان نەشێوێنین و پشت و پەنای کچەکانمان بین، تا وانە لە هەڵەکانی خۆیان وەربگرن.

سەربەست دەنوسێت:  من زۆرم ڕێسا و سۆرانی برام کەمی تێگەیشت و سوور بوو لەسەر ئەوەی پۆستەکانم لەسەر چاوان لابەرم.
وەک ئەوەی من براو هاوخەم و خاوەن کێشەکە نەبم و زۆڵەک بم... وەک ئەوەی خەمی ئەوان خەمی منیش نەبێت!
بەداخەوە بۆ براکەم... بەڵام دوایی گەشایەوە، زۆر پێکەنی و فەخرو شانازیی دەکرد... تێگەیشت کە من پشتیوانی چاوان-م وەک خۆی و نایەڵین چاوان شوخت بەر جوانیی بکەوێت و ئازادیی پێ دەدەین لەو پیاوەش جیا بێتەوە کە شانازی بە هاوسەرگیرییەوە ناکات و پەردەپۆشی هەموو ڕاستی و جوانییەک دەکەن.
لاینابەم پۆستەکانم.. من داکۆکی لە سەلەفی ساڵح و ئیسلامی جیهادی و فرەژنی و ئایینی سەربڕین و بوختان ناکەم.. من باسم لە عەشقە.. چاوان بۆی هەیە عاشقی دێویش بێت.. دێویش بۆی هەیە خۆشەویستی بکات و نەرم بەر ژیان و جوانی و ڕاستی بکەوێت.
ژنەکانی دکتۆریش دەتوانن و دەشێت مافی ئەوەیان هەبێت سکاڵا دژی هەڵوێستی شەرع بگەیەنن بە دادگا و مێدیاکان.
سڵاوم بگات بەوانەی شانازی بە سۆران خەسرەو عارف-ی برامەوە دەکەن و پشتی چاوان بەر نادەن. چونکە چاوان و ئورڤان وەک هاوڕێ و هاوژین، جیابوونەوە و زۆر بیرمەندانە هاوڕێیەتیی یەکیان پاراست و کەسیان گوناح نین. بژی ئورڤان، بژی چاوان، بژی عەشق و ئازادی و یەکتری ویستن لە شکست و سەرکەوتنیشدا. چاوان کەسێک نییە تەفرە بدرێت و ناچار بکرێت.. چونکە باوک و دایک و مامەکان و خاڵەکانی خۆی هەموو لە پشتە.



PM:02:38:08/05/2016