سەرۆکی پەرلەمان: لەگەڵ ئەوەی کێشەمان هەیە، بەڵام یەکڕیزی کورد لە بەغدا پارێزراوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت" نوێنەرانی کورد لە بەغدا پێش ئەوەی نوێنەری حیزب و لایەنێکی سیاسی بن، نوێنەری هەرێمی کوردستانن، سوپاسی نوێنەرانی کوردیش دەکات، سەرەڕای کێشەکانی هەرێمی کوردستان، یەکڕیزی کوردییان لە بەغدا پاراستووە.

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان بە هاوڕێیەتی فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و لەلایەن ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و هۆشیار عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کورد پێشوازییان لێکرا.

لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان، وتی "ئەو ڕووداوانەی لە بەغدا ڕویاندا، مایەی نیگەرانییە. داوای لە نوێنەرانی  کورد کرد، بەگیانی بەرزی نەتەوەییەوە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد، لەگەڵ ئەوەی لە کوردستان کێشەمان هەیە، ئێوە توانیوتانە یەکڕیزی کورد بپارێزن."

ئارام شێخ محەمەد، تیشکی خستە سەر ڕوداوەکانی بەغدا و ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات، کەڵەکە بووی کۆمەڵێک کێشەی، ڕابردووە، چونکە لە عێراقدا کێشەی متمانە و کێشەی گەندەڵی و کێشەی سیاسی و چەندین کێشەی تر بوونی هەیە."
پاشان سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی ڕوودوەکان و ڕۆڵی کورد لە بەغدا خستە ڕوو.



PM:03:24:09/05/2016