سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگەو شەڕڤان زیاتر بکرێت

سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی هۆڵەندا، دەڵێت" بەرژەوەندی هاوبەشە وادەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگە و شەڕڤان بکەن لە شەڕی تیرۆرستان. بەڵام دەبێت هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکان بەرفراوانتر و زیاتر بکرێن بۆ ئەو دوو هێزە قارەمانە.

ئەمڕۆ یەک شەممە، د. یوسف محەمەد سادق، پێشوازی کرد لە (جۆنڤان دێرزاندی) کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی هۆڵەندا ئاماژەی بەئامانجی سەردانەکەی کرد بۆ لای سەرۆکی پەرلەمان کە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گفتوگۆکردن بۆ دەربازبوون لەم قەیران و تەنگەژە سیاسیی  و ئابورییانە. 

سەرۆکی پەرلەمان، لەبارەی کێشەکانی عێراق، وتی "عێراق بەم شێوە ناتوانێت بەردەوام بێت، پێویستە پێش تەواوبوونی شەڕی داعش کۆتایی بە کێشەکانمان لەگەڵ عێراق بێنین." سەرۆکی پەرلەمان دوای لە کونسوڵی هۆڵەنداش کرد، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەدامەزراوەیی کردنی دام و دەزگا یاسایی و فەرمییەکان. لەبارەی ڕۆڵی پەرلەمانیش سەرۆکی پەرلەمان وتی " پەرلەمان ئێستا لەکار خراوە، بەڵام لەم خولەدا پەرلەمان، هەر لە سەرەتاوە زۆر بە وردی چاودێریی کارەکانی حکومەتیان دەکرد و لە بوونی هەمو کەموکورتی و کەمتەرخەمییەک وەزیریی پەیوەندار ئاگادار دەکرایەوە، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی لەکارخستنی پەرلەمان بووبێت.



PM:07:47:29/05/2016