عەبدولەتیف سەلەفی بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستبەسەر دەكرێت

كەسایەتی دیاری ئاینیی عەبدولەتیف سەلەفی بەپێی مادەی یاسایی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە گرتووخانە دەستبەسەر دەكرێت.

سەرچاوەیەكی یاسایی بە سپی راگەیاند: "عەبدولەتیف سەلەفی بەپێی مادەی 10 لەیاسای باری كەسێتی بڕگەی 5 كە تایبەتە بە هاوسەرگیریی  لەدەرەوەی دادگا، دەستگیر كراوە".

سەرچاوە یاساییەكە ئاماژەی بەوە كرد كە ناوبراو بۆ ماوەی 15 رۆژ زیندانی دەكرێت (واتە تا 29/6) لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی دۆسیەی ئەم تۆمەتەی عەبدولەتیف سەلەفی ئاراستەی دادگای كەركوك دەكرێت چونكە پرسی مارەبڕینی عەبدولەتیف ‌و چاوان سۆران لەكەركوك ئەنجام دراوە‌و (تسدیق)ەكەی لە خانەقین كراوە.

ئەو سەرچاوە یاساییەی سپی ئاماژەی بەوە كرد كە ئاراستەكردنی دۆسیەكە لە خانەقینەوە بۆ كەركوك نزیكەی دوو مانگی دەوێت.
سەبارەت بە مانەوەی ناوبراو لە گرتووخانەدا، سەرچاوە یاساییەكەی سپی پێیوایە مانەوە‌و ئازادكردنی عەبدولەتیف پەیوەندی بە بڕیاری دادوەرەوە هەیە.

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ لەخانەقین بە بڕیاری دادوەری دادگای ئەو شارە عەبدولەتیف سەلەفی دەستگیر كرا.



PM:01:28:14/06/2016