بارزانی: ئەوانەی یەکڕیزی گەل تێکدەدەن بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن

بارزانی دێتە دەنگ و لەسەر هەڵمەتی راگەیاندن بەناراستەوخۆ بەرامبەر نەوشیروان مستەفا دەڵێت" بە دڵنیاییەوە ئەوانەی یەكڕێزیی گەل تێك دەدەن و هەوڵی تێكدانی ئەمن و ئاساییشی كوردستان دەدەن و موسیبەت بەسەر ئەم گەله دێنن، بە سزای یاساییی خۆیان دەگەن".

لە پەیامێک کە ئەمشەو بڵاویکردەوە، بارزانی دەڵێت" لەبارەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندن و تەشهیرەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و كەسانی نزیك لەوان لەسەر شەخسی من بەڕێوە دەچێت، داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم كە كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانیان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ".

دەقی پەیامەکە

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

لەبارەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندن و تەشهیرەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و كەسانی نزیك لەوان لەسەر شەخسی من بەڕێوە دەچێت، داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم كە كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانیان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ. داواتان لێ دەكەم پاڵپشت و بەرگریكاری سەربەخۆیی و پێشمەرگە قارەمانەكانمان بن. بەرگریكاری حەق و دادپەروەری بن و لە بەرانبەر گەندەڵی و كولتووری جنێودان بوەستنەوە و پارێزەری فەرهەنگ و بەها بەرزەكانی گەلەكەمان بن. لەم بارودۆخەدا پێویستە ئەولەویەتی سەرەكیی هەموو لایەكمان سەربەخۆیی و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆیستانی داعش و باشتركردنی ژیانی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بێت.

 بە دڵنیاییەوە ئەوانەی یەكڕێزیی گەل تێك دەدەن و هەوڵی تێكدانی ئەمن و ئاساییشی كوردستان دەدەن و موسیبەت بەسەر ئەم گەله دێنن، بە سزای یاساییی خۆیان دەگەن.

مه‌سعوود بارزانی

17ـی 6ـی 2016 



AM:12:12:18/06/2016