هاوڵاتیان زەكاتەكانیان دەدەنە نەخۆشخانەی هیوا

پاش ئەوەی لیژنەی فتوای ئاینی لەشاری سلێمانی داوای لەهاوڵاتیان كرد كە زەكات و سەرفترەكانیان بدەنە نەخۆشخانەی هیوا، بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە رایدەگەیەنێت هاوڵاتیان بەرەوپیری بانگەوازەكەی لیژنەی فتوا چون.

دكتۆر دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لەلێداونێكدا بۆ رادیۆی نەوا رایگەیاند، خەڵك سەردانیان دەكات بەمەبەستی پێدانی زەكات و هاوكاریەكانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لە نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف پێكهێنراوە و بەرپرسن لە كۆكردنەوەی ئەو زەكات و هاوكاریانە، پاشانیش لەئایندەیەكی نزیكدا سەرجەمی پارەی كۆكراوەی ئەو زەكات و هاوكاریانە رادەگەیەنن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەش ئاشكرا دەكات بڕیارە دوای ئاشكراكردنی پارەی كۆكراوەی زەكات و هاوكاریەكان، لیژنەیەك پێكبهێنرێت تاكو دەرمان و پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكە دابین بكەن.

دكتۆر دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە وتیشی "تاكو ئێستا نەگەیشتوینەتە قۆناغێكی مەترسیدار كە نەتوانین چارەسەری نەخۆشەكان بكەین، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە بڵێین نەخۆشەكان بەتەنیا نین و هاووڵاتیانیش فێری ئەوە بكەین ماڵی سپی بۆ رۆژی رەشە، پلانیشمان بۆ داهاتو ئەوەیە كێشەی گەورەمان توش نەبێت هەرچەندە لەئێستادا پێداویستیمان هەیە و هاوكارییەكان لەئێستادا زۆر گرنگە، هەروەها نەخۆشخانەی هیواش پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان حكومەت و هاووڵاتیانە".



PM:12:56:26/06/2016