پارتی: ئەو هێزانەی لەسلێمانین نەدەبوو پێشوازی لە مالیكی بكەن

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: هەموو ئەو هێزانەی کە لە سلێمانی لەگەڵ نوری مالیکی کۆدەبنەوە، دەبوایە ئەو ڕۆژانەیان لەبەرچاوبووایە کە مالیکی بودجەی هەرێمی بڕی و نەدەبوو پێشوازییان لێبکردایە.

ئۆمێد خۆشناو بە كەناڵی ئێن ئار تی راگەیاند: ئەگەر مالیکی دەیەوێت بە هاتنی بۆ سلێمانی کیشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، ئەوا خۆی بەشێک لە هۆکاری دروستبونی کیشەکانە بە تایبەت لە بابەتی بڕینی بودجەی هەرێم کە قوتی خەڵکی کوردستانە.
وتیشی، مالیکی سەردانی هەولێر ناکات و تەنیا دێتە سلێمانی، دەبوایە بزافێکی میللی هەبوایە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەسەردانەکەی مالیکی بکردایە.

هەر لەمبارەیەوە نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هاتنی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، هەوڵدانێکە بۆ لاوازکردنی ناوەندی بریار لە کوردستان، بەتایبەتیش لە پایتەختی کوردستان”.
ئەو سەرکردەیەی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاستەمە "کەسێکی گەندەڵی وەک نووری مالیکی”، بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، چونکە: "ڕووی ڕەشە بەرانبەر بە کوردستان، هەر ئەو بوو ویستی هێزی دیجلە بهێنێت، ویستی سنووری کوردستان داگیر بکات، بڕینی قووتی خەڵکیش لە ئەستۆی ئەو دایە”.

نەجات حەسەن داوا لەو هێزانە دەکات کە پێشوازی لە مالیکی دەکەن، "بەخۆیاندا بچنەوە”. دەشڵێت: "ئەگەر هاتنەکە بۆ بابەتی سیاسی بێت، ئەوە سەر ناگرێت و بە مردوویەتی لە دایک دەبێت".

بڕیارە كاتژمێر 2ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ نوری مالیكی بگاتە فرۆكەخانەی سلێمانی‌و چاوی بە تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا بكەوێت.



PM:01:20:18/07/2016