فواد حسێن لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم کۆدەبێتەوە

د. فواد حسێن وەک نوێنەری بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات و بە جیا لەگەڵ هەریەک لە نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەمرۆ ٧/٢٤ د. فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم وەک نوێنەری بارزانی سەردانی سلیمانی کردووەو بەجیا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان کۆبۆتەوە، کۆبوونەوەی نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم لە گردی دەباشان بووە".

بەپیێ زانیارییەکانی سپی، د. فواد حسێن لەو سەردانەیدا رای بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بە هەریەک لەنەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم راگەیاندووە، هاوکات رای رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەگەیەنێتەوە بە بارزانی.

دوای پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم ئەمە یەکەمجارە نوێنەری بارزانی بەتایبەت بێت و سەردانی نەوشیروان مستەفا بکات، کەبەپیی چاودێرانی سیاسی" ئەمە گۆڕانکارییە لەهەڵوێستی بارزانییدا بەرامبەر کێشەکانی هەریم".

لەلایەکی ترەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راگەیاندنێکی بلآوکردەوەو، تیایدا هاتووە " بە پێی زانیارییەکان ئەمرۆ د.فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردوو لەگەڵ ھەڤاڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی ی ن ک کۆبۆوە".

لەو راگەیاندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە فوئاد حسێن ئەمرۆ سەردانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆرانی لە شاری سلێمانی کردووە و لەگەڵیا کۆبۆتەوە و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای ناوچەکە.



PM:10:48:24/07/2016