سپی ناوەرۆکی پێشنیارەکانی پارتی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی هەرێم ئاشکرا دەکات

لە جولەی دووەمی کۆبوونەوەکانی فواد حسێن نوێنەری بارزانی لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم، ناوبراو پرۆژەیەکی ئاشکرا کردووە کە لەچەند پێشنیاریک پێکدێت، سپی ئەو پێشنیارانە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ سپی ناوەرۆکی ئەو پرۆژەیەی ئاشکراکرد کە  دراوە بە فواد حسێن کە لەگەڵ لایەنەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەرلەمان و وەگەڕخستنەوەی ئەو دامەزراوەیە، پرۆژەکەی فواد حسێن سێ پێشنیاری گرتۆتە خۆی، سەرۆکایەتی پەرلەمان بە بێ د. یوسف محەمەد ئاکتیڤ بکرێتەوەو سەرۆکی پەرلەمان بدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێشنیاری دووەم سەرۆکی پەرلەمان لای گۆڕان بمێنێتەوە، بەڵام د. یوسف محەمەد نەبێت، پیشنیاری سێهەم سەرۆکایەتی پەرلەمان کەسی پارتی و گۆڕان و یەكێتی تیانبێت و بدرێت بە لایەنەکانی تر.

ئەوەی جێگای سەرنجە، پارتی لەم سێ پێشنیارەدا، کۆمەڵی ئیسلامی خستۆتە دەرەوەی چارەسەرەکانەوەو رازی نییە لە هیچ یەکێک لەو سێ پێشنیارە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان پۆستی پێبدرێت.

پرۆژەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوای ئەوەی لایەنەکان رێککەوتن لەسەر یەکێک لە پێشنیارەکانی پارتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەو حیزبە داوا دەکات دوای چالاکبوونەوەی، پەرلەمان دوو پریار دەربکات، یەکەمیان ماوەی بارزانی بۆ ساڵێک درێژبکرێتەوە، واتە تا مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠١٧ بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە، دووەمیشیان پەرلەمان، یاسایەک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێم دەربکات.

لیژنەی دەستوریش دەستبەکارەکانی بکاتەوەو پرسەکانی نووسینەوەی دەستوری هەرێم و چۆنێتی سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا بدرێتەوە دەست ئەو لیژنەیەو پارتیش ئامادەیە لەسەر شێوازی سیستەمی سیاسی سازش بکات، بەڵام بۆ دوای ئەم خوولەی پەرلەمان.

لە دوو رۆژی رابردوودا د. فواد حسێن جەولەی دووەمی گفتوگۆکانی دەستپێکردەوەو بە جیا لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و سەلاحەدین بەهادین ئەمیندرای گشتی یەکگرتوو کۆبوەوەو، وابڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆبێتەوە.



 
  



PM:11:54:08/08/2016