هه‌ده‌په‌: ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس دژی كوردە

پارتی دیموكراتی گه‌لان دەڵێت توركیا به‌هێرشكردنه‌ سه‌ر جه‌رابلوس، به‌شێوه‌یه‌كی كرداری به‌شداریی له‌ شه‌ڕی سوریا كردو داواش ده‌كات، توركیا ده‌ست له‌ دژایه‌تیكردنی كوردی سوریا هه‌ڵبگرێت.

پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بۆ ڕای گشتی له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر جه‌رابلوس ڕایده‌گه‌یه‌نێت: به‌شداربوونی توركیا له‌ شه‌ڕی پێنج ساڵه‌ی ناوخۆیی سوریا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی سوریا و توركیادا نییه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ له‌ جه‌رابلوس ئه‌نجامدراوه‌، گۆڕینی گروپێكی چه‌ته‌ بوه‌.

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، پلانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی جه‌رابلوس له‌ ڕێگای ئه‌و گروپه‌ چه‌تانه‌وه‌، سه‌ركه‌وتوو نابێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هه‌ده‌په‌دا هاتوه‌: ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست كورد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دوژمنی توركیا نییه‌، به‌ڵكو دۆستی توركیایه‌ و ئه‌وه‌شی توركیا پێویسته‌ بیكات، پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌.

هه‌ده‌په‌، داواشی له‌ حكومه‌تی توركیا كردوه‌، كه‌ به‌ ڕێگای سه‌ربازیی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی سوریا نه‌كات و ده‌ست له‌ سیاسه‌تی دژایه‌تیكردنی كوردی سوریا هه‌ڵبگرێت.



PM:01:28:25/08/2016