سپی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان بلآودەکاتەوە لەگەڵ کۆبوونەوەی دەستبەجێی پەرلەماندا نین

٨٧ پەرلەمانتار کە ٣٧ یان پەرلەمانتاری ئەم خوولەن لە یاداشتێکدا داوا دەکەن کۆبوونەوەی پەرلەمان بە زووترین کات سازبکرێت، ١١ ئەندام پەرلەمانتاری گۆڕان واژوویان نەکردووە کە دوای ئەندام پەرلەمانتارانی پارتی، ئەوان دووەم هێزن کە ئەو داوایەیان نەکردووە. 

لە بانگەوازێکدا ٨٧ پەرلەمانتاری کۆن و ئەم خوولەی پەرلەمان دوا دەکەن لە نزیکترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و، رۆڵی نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بگێڕی لە چارەسەرکردنی: قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری خەڵک، پرسی دەستور، کیشەی سەرۆکایەتی هەرێم، دانانی ستراتیجی نەتەوەی، ریفراندۆم، چاکسازی ، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسە نیشتیمانیەکانی تر. بۆ ئەمەش بە پێویستی دەزانین هەمو لایەک هاوکاربن و، چیتر ناکرێت لە لایەک خەڵک و هەرێمەکەمان لە ژێر باری دەیان قەیراندابن لەوە لاشەوە پەرلەمان پەکخرابێت.
هەروەها داوا دەکەن "لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتی بنکەفراوان دەرفەتی یەک مانگ بە حکومەت بدەن، بە مەبەستی چاککردنی بژێوی خەڵک و گێڕانەوەی متمانە، بە پێچەوانەوە حکومەت هەڵبوەشێننەوە".

هەرچی ئەندام پەرلەمانەکانی یەکگرتووە لە کۆی ١١ پەرلەمانتار ٨ پەرلەمانتاریان ناویان لەسەر بانگەوازەکەیە، کۆمەڵی ئیسلامیش لە کۆی ٦ ئەندام پەرلەمان ٥ ئەندام پەرلەمان خۆیان ناونووس کردووە و شیوعی و بزووتنەوەش واژوویان کردووە. 

هەرچی فراکسیۆنی پارتییە هیچ پەرلەمانتارێکیان ناوی خۆیان نەخستۆتە سەر ئەم بانگەوازە، دوای ئەوان پەرلەمانتارانی گۆڕان دێت کە ١١ پەرلەمانتاری ئەم خوولەیان واژوویان لەسەر ئەو بانگەوازە نەکردووە، سپی لەبەراوردێکی ئەو ناوانەی لەسەر بانگەوازەکان لەگەڵ ناوی لسیتی گۆڕاندا لە ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان، ئەم پەرلەمانتارانەی گۆڕان واژوویان لەسەر بانگەوازەکە نەکردووە:

برزو مەجید، عەبدولرەحمان عەلی، بەهار مەحمود، رابوون مەعروف، پەری ساڵح، ئەنور قادر، ئێڤار ئیبراهیم، رۆزا محەمەد، ئەیوب عەبدولآ، قارەمان قادر، ئومێد حەمە عەلی.

لەم لینکەوە دەقی بانگەوازەکەو ناوی پەرلەمانتاران بخوێنەرەوە..
 




PM:12:51:22/09/2016