بەرپرسێكی پارتی بەهۆی بڕوانامەی ساختە پۆستەكەی لێ دەسەندرێتەوە

جێگری سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی لێپرسینەوە‌و دادپەروەری عێراق كە لەپشكی پارتییە، بەهۆی "بڕوانامەی ساختە" پۆستەكەی لێ سەندرایەوە.

جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ی باڵای نیشتمانی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری عێراق لەلایەن (بەختیار عومه‌ر محێدین) لە پشكی پارتی بەڕێوەدەبردرا، بەڵام لەلایەن دەستەكەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە ئەوەش دوای دەركەوتنی بڕوانامه‌كه‌ی كە ساخته‌یه‌ .

زانا ڕۆستایی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ووتی: سەرۆكایەتی دەستەی باڵای نیشتمانی لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری عێراق بڕیاری دەركردنی جێگری سەرۆكی دەستەكەی داوەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوەیە كە بڕوانامەكەی دەركەوتووە ساختەیە .

بەپێی لێدوانی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستەكە داوای كردووە جێگری سەرۆكی دەستەكە ئەو پارەیە بگەرێنێتەوە بڕەكەشی ملیارێك و 500 ملیۆن دینارە .

بەهۆی ئەوەی ناوبراو پارەكە لەماوەی یاسایی خۆیدا ناگەڕێنێتەوە، دەستەكە بڕیاری داوە ده‌ست بگرێت بەسەر ته‌واوی سامانه‌كه‌ی .



PM:05:27:16/10/2016