دوای قسەکانی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە وتی" ١٨% پشکەکانی پاڵاوگەی بازیان موڵکی گۆرانە"، عەلی حەمە ساڵح وەڵامی دایەوەو وتی" مەلا بەختیار بووختان بۆ گۆڕان دەکات"، لە روونکردنەوەیەکدا مەلا بەختیار دەڵێت" ئەو لێدوانە هەڵە بوو مەبەست لەو پشکانە لە کارگەی چیمەنتۆی گاسنە و کۆمپانیای وشە موڵکی لەو کارگەیەدا هەیە، نەک پاڵاوگەی بازیان".
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە نووسینێک لەسەر ئەو قسانەی مەلا بەختیار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" مه‌لا به‌ختیار، وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی بوختان و قسه‌یه‌کی دیکه‌ی ناڕاستی به‌ناوی گۆڕان کرد، گوایه (18٪)ی پاڵاوگەی نەوتی بازیان بەشی گۆڕانە و تیایدا شەریکە".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بازیان ساڵی (2008) مۆڵه‌تی وه‌رگرت، زۆر پێش دروستبوونی گۆڕان، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی عێراق دروستیکرد و نزیکی (70٪)ی ته‌واو بوو بوو کە یه‌کێتی نیشتیمانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت له ڕێگای کۆمپانیای نۆکانەوە. دواتر یەکێتی چه‌ند هه‌وڵێکی دا له‌گه‌ڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک ته‌واوی بکات، به‌ڵام شکستی هێنا، دواجار دایان به کۆمپانیای قه‌یوان، قه‌یوان ته‌واوی کرد و خستییه‌کار و تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر باش فراوانکرا کە ئێستا بەرھەمی رۆژانەی نزیکی (40) هه‌زار به‌رمیلە".
ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت " ئاخر گۆڕان له (2008)ـدا کە خۆی بوونی نەبووە، چۆن ده‌توانێت مۆڵه‌ت بۆ کۆمپانیای نۆکانی یه‌کێتی وه‌ربگرێت؟ مه‌لا به‌ختیار، بۆ ئه‌وه‌ی به‌درۆ نه‌خرێته‌وه، ده‌بوو ته‌لەفۆنی بۆ دلێری سه‌ید مه‌جید بکردایه و دڵنیابێته‌وه، یان تەلەفۆنی بۆ کۆمپانیای (وزه) بکردایه که کاری نه‌وت ده‌کات و ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌کات".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەشڵێت " لە بارەی قسەکانی مەلا بەختیار کە وتی ھیچ بەرژەوەندییەکی ماددی یان پرۆژەیەکی لە سلێمانی نییە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: با مه‌لا به‌ختیار پێمان بڵێت له سلێمانی له‌گه‌ڵ کێ شه‌ریکه؟ له کام بینا؟ هیچ موڵکی له‌ده‌ره‌وه هه‌یه؟ به‌ناوی کام که‌سی نزیکییه‌تی؟ ئایا هیچ که‌سێکی نزیکی خه‌ریکی کاری ساخته و هێنانی کرێکاری بیانی نییە له ڕێگای فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانییەوە؟".