ئەدهەم بارزانی داوای بارکردنی ئەمجۆرە حیزبە لە کوردستان دەکات

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لەسەر راکانی ئارامی شێخ محەمەد دەڵێت"  "ئومێدەوارم بۆچوونەكەی (ئارام شێخ محەممەد) تەنیا هیی خۆی بێت، چونكە ئەم بۆچوونە لەناو جەماوەری كوردستاندا جێی نابێتەوە، هەر بزاڤ و حزبێكیش ئەم بۆچوونەی هەبێت، دەبێ لەناو ئەم میللەتە بار بكات".

(شێخ ئەدهەم بارزانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئومێدەوارم ئەو بۆچوونەی (ئارام شێخ محەممەد) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كە لەناو خۆپێشاندەران باسی لێوە كرد، بۆچوونی (نەوشیروان مستەفا) و سەركردەكانی تری گۆڕان نەبێت و خۆیان لەم بۆچوونە بێبەری بكەن و تەنیا بۆچوونی خۆی بێت، چونكە ئەمە بۆچوونێكی زۆر شازە. نابێ هیچ بزاڤ یان حزبێكی كوردی بۆچوونێكی وا دەرببڕێ، چونكە ئەمە بۆچوونی عەرەبە شۆڤێنییەكان بووە بە درێژایی مێژوو لەو رۆژەوەی خاكمان دابەش كراوە."

(شێخ ئەدهەم بارزانی) جەختیشی كردەوە: "ئومێدەوارم ئەمە تەنیا بۆچوونی (ئارام شێخ محەممەد) بێ ، چونكە ئەم بۆچوونە شوێنی نابێتەوە لەناو جەماوەری كوردستاندا، هەر بزاڤ و حزبێكیش ئەم بۆچوونەی هەبێت دەبێ بار بكات لەناو ئەم میللەتە و ئەو دەریایە خوێنە پڕ لە شانازییە ڕاژوەی بۆ ئازادیی ئەم خاكە پیرۆزە ڕژاوە. نامەوێ وشەكانی من تەفسیر بكرێ بە شێوەیەكی تر، بەڵام ئەمە ویستی جەماوەرە و جەماوەر رێگا نادات بۆچوونێكی وا سەقەت كە هەموو قوربانییەكانی ئەم میللەتە، بە درێژاییی مێژوو هەر لە شۆڕشی (شێخ سەعیدی پیران) و (شێخ رەزا) و (شێخ مەحموودی عەفید) و( شێخ ئەحمەد) و (شێخ عەبدولسەلام) و (مەلا مستەفای بارزانی) و دەیان شۆڕشی تر بە با بدات و دەستكەوتەكانی ئەم شۆڕشانە بە دەستی خۆی بە دوژمنانی گەلی كورد بدات، بۆیە ئومێدەوارم ئەمە بۆچوونێكی تاكەكەسی بێت."

(ئارام شێخ محەممەد) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتووە، ١٢ـی ئەم مانگە لە پێشوازیێکی ڕێکخراوی پێشوەختەدا لە مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی داواکاری خۆپیشاندەران بە دەسەڵاتدارانی عێراق بگەیێنین و ئەگەر کێشەی نەوتیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەرنەکرا و هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بەو رێککەوتنە، ئەوا حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات".



PM:01:28:14/11/2016