" مانگانە ١٣٠هەزار بەرمیل نەوت دیار نامێنێت"
" ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم وەڵاممان ناداتەوە"

وەفدێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی پاڵاوگەی بازیان دەکەن و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری، ئەحمەد حاجی رەشید وتی" مانگانە ١٣٠هەزار بەرمیل نەوت دیار نامێنێت"، هەروەها ئارێز عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێم وەڵامی نامەکانیان ناداتەوە.
 بۆ بەدواداچوونی كاروبارەكانی چۆنیەتی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی و ئەو بڕەی لە بەغداوە دابین دەكرێت لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی پاڵاوتگەی بازیانیان كردو دوای سەردانەکەیان ئەحمەدی حاجی رەشید وتی" وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باس لەوە دەكات كە مانگانە 170 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بەكاردەهێنێت، بەڵام دەركەوتووە یەك لەسەر سێی ئەو بڕە نادرێتە پاڵێوگەكان.
وتیشی "بەبڕوای من بەشێكی ئەوەی دەدرێتە كۆمپانیا ناوخۆییەكان، بۆ تێچووی ئەو كۆمپانیایانە بەكاردەهێنرێت و دەبێت حكومەت ئەوە ئاشكرا بكات".

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاشکرای کرد "30 بۆ 40 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتە كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو 170 هەزار بەرمیلەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسی دەكات، چی لێ دێت؟ نازانین، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامبداتەوە".
لای خۆشیەوە ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند " ئێمە وەكو كۆمسیۆنی نەوت و وزە لەگەڵ وەزیر كۆبووینەوە و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا نەوتی سپی بۆ هاوولاتیانی كوردستان بنێردرێت  و هەوڵیشماندا زیدا بكرێت و زیادیش كرا و بەردەوامیش دەبین لە فشارەكانمان لەسەر بەغدا".

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتیشی "بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانمان وتوە بۆ نەوت نادەن، وتویانە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێمدایە، بۆیە ئێمەش نوسراومان بۆ كردوون و تا ئێستا چاوەڕوانی وەڵام دەكەین و چیمان پێ بكرێت بۆ هاووڵاتیانی دەكەین تا نەوتیان بەسەردا دابەش بكرێت".



PM:02:29:17/12/2016