نرخی بەنزین دابەزی

لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی لیترێک بەنزین بۆ ٥٢٥ دینار دابەزی.

پەیامنێری سپی میدیا ڕایگەیاند "ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی نرخی بەنزینی نۆرماڵ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا نرخەکەی بۆ ٥٢٥ دینار دابەزیوە".

پەیامنێری سپی وتیشی کە پێشتر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە شاری سلێمانی بۆ ٥٧٥ دینار بەرزبوبوەوە بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخەکەی دابەزیوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت پێشتر غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو"ئاسانكاری و ھەوڵەكانمان زۆرن لەپێناو كەمكردنەوەی نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی، خۆشبەختانەش دەرئەنجامی باشی دەبێت".

ڕوونیشیکردبووەوە ئاسانكارییەكان خۆی لەپێدانی مۆڵەت بەكۆمپانیاكانی ھێنانی بەنزیندا دەبینێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەو بەنزینەی دەیھێننە پارێزگاكە لە چوارچێوەی ئەو جۆرە بەنزینانە بێت كە كوالێتیان باشە

ڕاشیگەیاندبوو "پێشتر ١٤ كۆمپانیا بەنزینی دەھێنا، بەڵام ئێستا زیادیكردووە بۆ ١٧ كۆمپانیا، ئەم زیادبوونەش نرخەكان كەمدەكاتەوە".



AM:10:01:21/12/2016