سپی زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەی سەکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە

سبەی ٢/٢٥ جارێکی تر سەکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆ تەواوکردنی نەخشە رێگای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا دوو ڕای جیاواز بەدیدەکرێت.

رۆژی چوارشەممە ٢/٢٢ سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەی یەکەمی سازکرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر چوارتەوەرەی ئەو نەخشە رێگایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد کە تارادەیەکی زۆر هەژموونی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لەسەربووە، بەیانیش گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەرەکەی تر دەکەن.  

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو چوارخاڵەی لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بڕیاری لەسەر دراوە، دوو پرسی زۆر گرنگ تێپەڕێنراوە، پرسی "چاکسازی لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەدا" گۆڕدراوە بە پرسی گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەدا.

هەروەها پرسێکی گرنگی تری ئەو کۆبوونەوەیە، بڕیار دراوە کە یەکێتی شوێنی د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان ناگرێتەوەو یەکێتی ئامادەنییە ئەو پۆستە وەربگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن دەیانەوێت بڕیار لەسەر" نەخشە رێگایەکی هاوسەنگ" بدەن کە نە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان بکەنە قوربانی پارتی، نە رێککەوتن لە گەڵ پارتی بکەن بە قوربانی گۆڕان.

بەپێی ئەو زانیاریانە، بە پێچەوانەی ناکۆکییەکانی پێشووە، ئێستا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئەو ئەندام سەرکردایەتیانەی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان لەسەر ئەوە کۆکن کە بڕیار لەسەر نەخشە رێگایەکی هاوسەنگ بدەن، بەڵام ئەو ئەندام مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییانەی نزیکی مەلا بەختیار و کۆسرەت رەسوڵن دەیانەوێت نەرمتر بن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانداو بەهەمان لۆژیکی کۆبوونەوەی ١/١١ نێوان پارتی و یەکێتی کە لەهەولێر سازکرا مامەڵە بکەن. ( لە کۆبوونەوەی ١/١١ جۆرە تێگەیشتنێک هەبووە لەنێوان وەفدی یەکێتی و پارتیدا کە بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوەو، یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت و د. ئەرسەلان بایز بکرێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان).

لە کۆبوونەوەی سبەینێی سەرکردایەتی یەکێتی دوای تەواوبوونی گفتوگۆ لەسەر هەر هشت تەوەرەی نەخشە رێگاکە، تێکڕای نەخشە رێگاکە دەخرێتە دەنگدانەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو ئاراستەیەی زاڵە لە کۆبوونەوەکەدا بەلایەنی کەمەوە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم و پاشماوەی سەرکردایەتییەکانی سەر بە بەرهەم ساڵح کە داوای نە خشەرێگایەکی "هاوسەنگ" دەکەن، زۆرینەن، باڵی کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار کەمینەن. ( د. بەرهەم ساڵح خۆی بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات). 

هاوکات پێشبینی دەکرێت لە درێژەی کۆبوونەوەی سبەینێ، جێگای ئازاد جوندیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەستلەکارکێشاوەی یەکێتی پڕبکرێتەوە، بەپێی دوا دەنگدانی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کە بۆ مەکتەبی سیاسی لە پێشوودا کراوە، هەریەک لە سامان گەرمیانی و مستەفا چاوڕەش کاندیدن بۆ ئەو شوێنە.

هەروەها چەند کاندیدێکیش بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی دەستنیشان بکرێت، لەوانە بە کۆتایی ژنان رێواس فایەق سەردەکەوێت بۆ سەرکردایەتی، لە هەریەک لە شێخ عەلی حەمە ساڵح ( برازای مام جەلال)، مامۆستای عەزیزی زانیاری پێشمەرگە، مامۆستا مەحمود، پۆڵای شەهید سیروان، لیوا چەتۆ ساڵح، دوو کەسیان سەردەکەون بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی.

سپی زانیوویەتی کە لەکۆبوونەوەی رابردووی سەرکردایەتیدا بە جەختکردنەوە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەبەر رۆشنایی رێککەوتنی حیزبی ئایندە ( قادر عەزیز) و یەکێتی، دوو ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کراون بەئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی.    



AM:12:14:25/02/2017