سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ (کاتسۆمی مۆریاسو) کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگی و ئەزموونی پێشکەوتن و هەڵسانەوەی ژاپۆن کرد، لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە. ئاماژەی بەوەشدا دەبێ ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم وانەی گرنگی لێوە فێربین."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ شەممە، ٨-٣ سەرۆکی پەرلەمان و کونسوڵی ژاپۆن کۆبونەوە. سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست کردنەوەی کونسوڵخانەی ژاپۆن، لە هەرێمی کوردستان، دەروازەیەک بێ بۆ ئاڵۆگۆڕی ئابوری و ڕۆشنبیریی و بوارەکانی تر، سوپاسی حکومەتی ژاپۆنیشی کرد لە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش.
لە کۆتایی وتەکانیدا، لەبارەی بارودۆخی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان، وتی" لە کوردستان گرفتی ئابوری و دیموکراتی و دەستاودەستنەکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتمان هەیە، ئەم گرفتەش هۆکاری سەرەکیی کێشەکانمانە.!".
کونسوڵی ژاپۆن، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد لە خستنە ڕووی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، هیوای خواست، کێشەکان بە ڕێگەی دیموکراسی و یاسایی چارەسەر بکەن. وتیشی " ڕێز لە قوربانییەکانی گەلی کورد دەگرین لە شەڕی تیرۆردا و سوپاسی حکومەتی ژاپۆن لە ڕێگەی بەڕێزتانەوە بە پێشمەرگەی کوردستان دەگەیەنم و هیوادارم، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، چونکە بەبێ پەرلەمان ناتوانرێت وڵات بەشێوەیەکی تەندرووست بەڕێوە ببرێت.