دەمەقاڵێی توند لەنێو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا روودەدات
سپی، زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە


مەکتەبی سیاسی یەکێتی رۆژی پێنج شەممە ٣/٩ کۆبوونەوەیەکی سازکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا دەمەقاڵێ لەسەر دۆسیەی نەوت لە نێوان بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی دروستدەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند " لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کە بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەڕێوە چووە، دەمەقاڵێی توند لەنێوان مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەكێتی و نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا روویداوە".

سەبارەت بەو بابەتەی ئەو ناکۆکی و دەمەقاڵێ توندەی لەسەر دروستبووە لەنێوان مەلا بەختیار و نەجمەدین کەریم، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کێشەکە لەسەر بابەتی نەوتی کەرکوک ئەو پەرەسەندنانەی ئەم دووایەی ئەو دۆسیەیە بووە کە لە کەرکوکدا روویدا".

هەندێک زانیاری نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو ناکۆکیەی لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا روویداوە زیاتر بووە لە دەمەقاڵێ و " تا ئاستێکی نزم دابەزیووە".

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کاتی دەمەقاڵێکەدا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکەی جێهێشتووەو بارگرژی بەتەواوی باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشاوەو هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، مەلا بەختیار ئەمرۆش شەممە دەوامی نەکردووەو نەچۆتە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە گەڕەکی رزگاری لە شاری سلێمانی.

هەرچەندە پێشبینی دەکرا جارێکی تر لەسەر پەسەندکردنی نەخشە رێگای یەکێتی بۆ چارەسەکردنی بارودۆخی هەرێم سەرکردایەتی یەکێتی سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی رەوشی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رۆژی پێنج شەمەممەوە، هیچ وادەیەکی نوێ دیار نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە.    

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 9/3/2017، له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی و به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتیری گشتی یه‌كێنیی نیشتمانیی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووه‌وه‌, لەو کۆبوونەوەیەدا بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد.




PM:10:07:11/03/2017