سەرکردایەتی یەکێتی پرۆژەکەی پەسەندکرد
" دوو تەوەرەی سەرەکی بەدڵی پارتی نابێت"

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەخشە رێگای حیزبەکەی پەسەند کرد، بەپێی بۆچوونی هەندێک ناوەندی یەکێتی دوو خاڵی سەرەکی بە دڵی پارتی نابن.

کاتژمێر ٣ ی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە بۆ پەسەندکردنی نەخشە رێگای یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کوردستان و ، چەند پرسێکی تری کۆبوونەوەکانی پێشووی یەکێتی لەسەر بابەتی گۆڕانکاری لە پۆستە حکومی و حیزبیەکاندا.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، خاڵی یەکەمی کۆبوونەوەکە کە پەسەندکردنی نەخشە رێگا هەشت خاڵیەکەیە کە لەکۆبوونەوەکەدا تێپەڕیووەو پەسەندکراوە، لەنێو ئەو نەخشەرێگایەدا دوو خاڵی سەرەکی بەدیدەکرێت کە بەپێی هەندێک ناوەندی یەکێتی لەلای پارتی پەسەند ناکرێت.
ئەو دوو خاڵەی لەلای پارتی پەسەند ناکرێت بە پێی زانیارییەکانی سپی، پرسی گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمدایە کە ئەمڕۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە بڕیاری دا کە جەخت لەسەر گۆڕانکاری لەهەر سێ سەرۆکایەتییەکەدا بکرێت" سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان". ( پارتی بە تەنها دەیەوێت گۆڕانکاری لە سەرۆکی پەرلەماندا بکرێت).

خاڵی دووەمیش کە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەری رێککەوتوون پرسی وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمانە لەلایەن یەکێتیەوە، بەپێی نەخشە رێگاکە کە ئەمڕۆ پەسەندکرا، یەکێتی ئامادە نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە بەدەست گۆڕانەوەیە وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەکان سپی، دوای ئەوەی نەخشە رێگاکە لەلایەن زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی یەوە پەسەندکرا، ئێستا سەرکردایەتی ئەو حیزبە درێژەیان بە کۆبوونەوەکەیان داوە لەسەر ئەو گۆڕانکاریە حیزبی و حکومیانەی پێشتر هەردوو باڵی زۆرینەو ناوەندی بڕیار لەسەری رێککەوتبوون ئەنجامی بدەن، لەم رەوەشەوە دوو را بەدیدەکرێت، هەندێکیان داوای گۆڕانکاری گشتی لە زۆربەی پۆستە حیزبی و حکومیەکانی پشکی یەکێتی خۆیاندا دەکەن، رایەکی تریش دەیانەوێت بەشێک لەو گۆڕانکارییە بکەن کە پێشتر هەردوو باڵ داوایان کردبوو.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، نەخشە رێگاکە دەچێتە ئەنجومەنی ناوەند و لەوێش دەبێت پەسەند بکرێت و ئەودوا دەبێتە نەخشە رێگای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەم قۆناغە.

 



PM:06:39:13/03/2017