پارتی راگەیەنراوێك لەبارەی بەجێهێشتنی مەراسیمی یادی هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە

بەبۆنەی كشانەوەی ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ‌و هەڵەبجەی پارتی لەمەراسیمی یادی 29 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە، وتەبێژی ئەنجومەنەكە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

راگەیەنراوێك لەوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی–هەڵەبجە)ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
لە كاتێكدا ئەمڕۆ (29) ساڵ بەسەر مەرگەساتی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، لەدیدی ئێمەدا هەڵەبجە زامێكی هێندە قوڵە لەجەستەی نیشتمان‌و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیماندا، تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ساڕێژی ئەو زام و ئازارە دەكات، بۆیە هەمیشە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و وەك ئەركی سەرشانمان لەگەڵ خەمی دانیشتوانی هەڵەبجەدا ژیاوین و وەك بەشێكی ستەم لێكراوی جەستەی نیشتمان لێی دەڕوانین.
پارتی دیموكراتی كوردستان و، سەرۆك و، مەكتەبی سیاسی و، سەرجەم ئۆرگانەكانی، ساڵانە بەپەرۆشەوە لەیادی هەڵەبجەدا ماتەمینی و هاوخەمی بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە دەردەبڕین و، لەپرۆژەی خزمەتگوزاریشدا هاوكارو هەماهەنگ و دەستپێشخەربوین بۆ خزمەتی هەڵەبجە، پڕۆژەی بەپارێزگاكردنی شارو، دابینكردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوەو، كردنەوەی زانكۆ وەك باڵاتترین مەركەزی ڕۆشنبیری لەدەڤەرەكە، نمونەی بەرچاون.
پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگی هەڵەبجەی گەیاندۆتە سەرجەم پایتەختەكانی جیهان و، زۆرترین هاوكاری بۆ هەڵەبجە كۆكردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەدانی هەڵەبجە لاواز بووە، ویستراوە هەڵەبجە بەوێرانی بمێنێتەوە. پارتی خاوەنی زۆرترین شەهیدە لەهەڵەبجەو، جەماوەری بە شەرەفی هەڵەبجەش ئاگادارن، كە پارتی هەرگیز لەهەڵەبجە دانەبڕاوەو، هەڵەبجەی وەك هێرۆشیما پێناسە كردووەو، هەمیشە بەرگریكاربووە لەمافەكانی هەڵەبجەو لەدیاریكردنی داهات بۆی و، ئاوەدانكردنەوەی و دڵنەوایی  خەڵكەكەی و چارەسەركردنی بریندارەكانی.                                                                              
بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ (16-3) بەڕێز (شێخ ئەدهەم بارزانی)، وەك كەسایەتیەكی دیاری مەعنەوی بنەماڵەی بارزان و وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك بەشداری مەراسی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بوو، لەدوای ڕاوەستانی ماتەمینی و ڕێزگرتن لە شەهیدان و خوێندنی سورەتی (فاتیحە) بۆ ڕۆحی پاكیان  و، لە دوای بەخشینی تاجە گوڵینە بەمەزاری مەزڵومی شەهیدانی هەڵەبجەو، دوای تێپەڕبوونی ( 30 ) خوولەك و، لەبەر نەبونی ئیدارەیەكی  شایستەو سەركەوتوو، بۆ بەڕێوبردنی یادەكەو بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی پارێزگای هەڵەبجەو، لەبەرئەوەی بەڕێوەبەرانی مەراسیم بەمەبەست شوێنی شایستەیان بۆ شاندی پارتی دابین نەكردبوو، بۆیە وەك دەربرینی ناڕەزایەتی، بەرامبەر بە ئیدارەی مەراسیم و ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، بە باشمان زانی لە شوێنێك نەبین كە شایستەی مەكانەتی سیاسی و پێگەی جەماوەری و مەعنەوی پارتی نەبێت كە گەورەترین هێزی سیاسی كوردستانە، بۆیە دوای  (30) خولەك  شاندی پارتی هۆڵەكەی بەجێهێشت.
ئێمە هەڵەبجەو دانیشتوانە قوربانیدەرەكەی لەسەر چاوان دادەنێن، بەڵام ئامادەنین تەحەمولی بێ ئیدارەیی مەراسیمێك بكەین كە لە ئاستی گەورەیی و، قوربانی و، مەزڵومیەتی خەڵك و، سوتماكی هەڵەبجەدا نەبێت.
لەكۆتایدا سڵاو بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و، لەبەردەم ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجەدا سەری ڕێز نەوی دەكەین.
بژی كورد، بژی كوردستان                                                                          
وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی / هەڵەبجە
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/3/2017









PM:04:04:16/03/2017