پاره‌ی جووتیاران سەرەتای ئەم هەفتەیە دابه‌شده‌كرێت

ئەندامێکی پەرلەمان کوردستان ئاشکرای کرد پارەی جوتیارانی ھەرێم بۆ ساڵی 2016 لەلایەن حکومەتی عیراقەوە رەوانەی بانکەکانی ھەرێم کرا و سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دابەشدەکرێت.

خەڵەف ئەحمەد ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و بەنداوەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە" بەڕێژەی 38,5%ی پارەی جوتیارانی ھەرێم کە بڕەکەی593  ملیار دینارە بۆ ساڵی 2016 گەیشتۆتە بانکەکانی ھەرێم".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:"قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک کردووە و 223 ملیار دینار بۆ هه‌رسێ پارێزگاكانی هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ بانكه‌كانی هه‌رێم. بڕیاردراوە ڕۆژانی دووشەممەو سێشەممەی داھاتوو دەست بەدابەشکردنی پارەکە بەسەر جوتیاران بکرێت".

خەڵەف ئەحمەد کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتییە، سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێم وتی" بڕی 69 ملیار دیناری بەرھەمی جوتیاران بۆ ساڵی 2014 و  بڕی 272 ملیاریش بۆ 2015 لەلای بەغدا دەمێنێتەوە، جگە لەو دوو بڕە پارەیەش، بەڕێژەی 62%ی پارەی ساڵی 2016ش دەمێنێت و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە ڕەوانە بکرێت".



AM:09:20:07/04/2017