سەركردەی سێ حزبە ئیسلامیەكە كۆدەبنەوە

رۆژی  شەممەی داهاتوو سەركردەی یەكەمی سێ حزبە ئیسلامیەكەی باشوری كوردستان كۆدەبنەوە‌و بڕیارە قسەو باس لەسەر نەخشە رێگایەكی ئامادە كراو بكەن‌و لێكنزیكبوونەوەی حیزبە ئیسلامیەكان.

لەمبارەیەوە د.عومەر محەمەد بەرپرسی نوسینگەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاند:" كۆبونەوەی شەممەی داهاتوو لەسەر بریای دەستەی باڵای كاری هاوبەشی ئیسلامیەكانە و بەئامادەبونی كەسی یەكەمی سێ پارتە ئیسلامیەكە و رێكخراوە بانگخوازیەكان و كەسایەتیە ئیسلامیەكان".

هەروەها وتیشی:" نەخشە رێگایەك ئامادەكراوە كە كۆكراوەی وەرەقەی حزبە ئیسلامیەكان و ڕێكخراو كەسایەتیە بانگ خوازییەكان قسەی لەسەر دەكەن و ڕاوسەرنجی كەسایەتیە ئیسلامیەكان وەردەگیرێت بۆ پاڵپشتی و دەوڵەمەند كردنی ".

سەبارەت بە وردەكاری نەخشە رێگاكە عومەر محەمەد وتی:" نەخشە رێگاكە لەسەر دوو ئاستە، بازنەی برایەتی و هاریكاری و پێكەوەیی كە ئێستا بەردەوامە، لەگەڵ بازنەی سیاسی كە چوار حاڵەتە یەكگرتن، هاوپەیمانێتی، بەرەیەكی هاوبەش، لیستی هاوبەش، بۆیە بەوردی دیراسەی ئەمانە دەكرێت و دواتر بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت".



PM:01:45:12/04/2017