سپی نوێترین ڕێککەوتنی پارتی بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان ئاشکرا دەکات؟

بەم دواییانە پێش کۆچکردنی نەوشیروان مستەفا، پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان بێ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئەم کارە لە پارتی تێکچووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی راگەیاند" ماوەی دوو هەفتە لەمەوبەر پارتی لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی و یەکگرتوو گفتوگۆی کردووەو، گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام لە ساتەکانی دەستکردن بەو پرۆژەیە یەکێتی ساردبۆتەوەو کارەکە ئەنجام نەدراوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کاراکردنەوەی پەرلەمان  لەبەر رۆشنایی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو ئەنجام دەدراو، هەریەک لەو ‌حیزبانە ژمارەی پێویستی دابیندەکرد بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دانیشتنی یەکەم لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتارەوە بەڕێوە دەبرا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هۆکاری شکستخواردنی، ئەو پلانە، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بووە کە بەڵێنی زۆری داوە بە پارتی ژمارەی پێویست لە پەرلەمانتارانی یەکێتی مسۆگەر بکات بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان، بەڵام ئەو بەرپرسە نەیتوانیووە ئەو کارە بکات. بەپێی ئەو زانیارییانە، لەلای پارتی ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی بەوە ناوزەد دەکرێت کە " هیچی پێنەکراوەو دەستی بڕیوون".
سەبارەت بە یەکگرتووی ئیسلامیش، بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکگرتووش بەشێک بووە لەم پلانە، بەڵام پارتی تێبینی جدی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکگرتوو هەبووە لەپێش هەمووشیانەوە، ئەبوبەکر هەڵەدنی  سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و، د. شێرکۆ جەودەت و، بەوە تۆمەتباری کردوون کە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمانن بەم شێوەیەی کە پارتی نەخشەی بۆ داڕشتووە، بەڵام زامنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکگرتووی لە رێگای سەرکردایەتیەکەیەوە کردووە.

دوای ئەوەی پارتی لەم هەوڵە شکستی خوارد، ئێستا جارێکی تر لەنێو مەکتەبی سیاسی پارتیدا گفتوگۆ لەسەر پلانی B) ) دەکرێت کە ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ٢٠١٧ دا.

پارتی دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن بارزانی وەک " سەرۆکی هەرێم" مەرسومێک دەرکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە.     



PM:12:38:23/05/2017