وادەی دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە ئاشکرا دەکرێت


وادەیەکی نوێ بۆ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە ڕادەگەیەندرێت و پێشنیارەکان لەبەر دەستی بریکاری وەزیری داراییدان.

بەپێی هەواڵێکی سایتی SNN لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییەوە گواستویەتیەوە تائێستا ئەو لیژنەیەی وەزارەت کە پێکھێنراوە بۆ پێشنیازکردنی چۆنیەتی دەستکاری پاشەکەوتی موچە، کۆبوونەوەی نەکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی پێشنیازەکانی تایبەت بەدەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە.

بە وتەی سەرچاوەکە پێدەچێت پێشنیازەکان لەبەردەستی بریکاری وەزیری دارایی بەوەکالەت بێت، بەڵام تائێستا بڕیار لەسەر ھیچ گۆڕانکارییەک نەدراوە.

سەبارەت بە وادەی دیاریکراو بۆ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە ڕایگەیاندووە "حکومەت لەبەرنامەیدایە لەمانگی ئابدا موچە لەسەر بنەمای لیستی بایۆمەتری موچە دابەشبکات و ھەر لەو مانگەشدا دەستکاری پاشەکەوتی موچە بکرێت".

هەروەها سەبارەت بە شێوازی دەستکاریکردنەکەی تائێستا باس لەدوو پێشنیاز دەکرێت ئەوانیش پێدانی موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکانی وەک (بڕوانامە، دەرماڵەی ھاوسەرو منداڵ) یان کەمکردنەوەی رێژەیەک لەپاشەکەوتی موچە.

لەئێستادا دوو مانگ بەسەر لێدوانەکەی رابەر سدیق بریکاری وەزارەتی دارایی بەوەکالەت تێپەڕدەبێت کە بەمیدیاکانی پارتی راگەیاندبوو لەدوای نەورۆزی ئەمساڵەوە دەستکاری پاشەکەوتی موچە دەکرێت.


PM:05:01:26/05/2017