وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی توند بڵاودەكاتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی فەرماندەیەکی عەسائیبی ئەهلی حەقی نێو حەشدی شەعبی دەداتەوە و دەڵێت: ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و رەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكانی دیکە.

لەراگەیەنراوەكەدا کە بەناوی گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە کراوە کە ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێبنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و، بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت. رەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان.

دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەرەوە:


لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانێكی تەلیباوی كە فەرماندەیەكی چەكدارەكانی عەسائبی ئەهلی حەقی ناو حەشدی شەعبییە لە میدیاكان بڵاوبووەتەوە. ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێ بنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت.

رەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان. جێگەی داخە رۆژانە لێدوانی دوژمنكارانە و سەیر و سەمەرەی هاوشێوە لە دژی پێشمەرگە و كوردستان دەبیسرێت كە جێگەی سەرسوڕمانە. پرسیار ئەوەیە هەتا كەی فەرهەنگی گەفوگوڕ و قڕكردنی كورد دەبێ باڵادەست بێت؟

گەلی كوردستان شەڕی تیرۆری كرد و لەسایەی قوربانیدانی پێشمەرگە لەو شەڕە سەختەدا سەركەوت، بە خوێنی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكا و خاكی كوردستان لە داگیركاریی تیرۆریستان ئازاد كرا. پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات، بە درێژایی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێ كەسترین هێز بووە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بەستووە. ئەوە ئێوەن كە ئەگەر راوێژكار و هێزی بیانی و هەرێمایەتیتان لەگەڵدا نەبێت ناتوانن شەڕی یەك مەفرەزەی داعشیش بكەن. هەر ئێوەن موسڵتان تاڵان كردووە و پێشتر سەدان كەستان بێسەروشوێن كردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و هەموو لایەك ئاگاداری رەفتارەكانی ئێوەیە.

گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعداش لە كەس قبوڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و رەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر. هیوادارین ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەكەن و داواش لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
3ـی 6ـی 2017







PM:05:02:03/06/2017