دوای بێ ئومیدبوونی لە ئەمەریکا
پارتی بەرەو بەغدا دەگەڕێتەوە

وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بەشداری فواد حسێن لەبەغدان، سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ئاشکرای کرد ئەمەریکا لەگەڵ ریفراندۆمدای هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەدا نییە، ئەو وەفدەش کار بۆ گەڕانەوە بۆ بەغداو سازدانی کۆبوونەوەیەکی لوتکەی نێوان بارزانی و عەبادی لە بەغدا دەکەن.

 وەفدەکەی هەرێمی کوردستان دوێنی لەگەڵ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی کۆبوونەتەوەو ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئاماژە بۆ کۆبوونەوەکە دەکات " لەم دیدارەدا ئاماژە بە پێویستیی گرتنەبەری رێگەچارەی گونجاو درا لە پێناو چارەسەریی کێشە کەڵەکەبووەکان تاکو بوار بە سەرهەڵدانەوەی تەوژمی توندڕۆیی لە دەڤەرەکەدا نەدرێتەوە.
لە بارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێریش هەردوولا پێداگیرییان لە سەر بنیاتنانی گفتوگۆیەکی راشکاوانە کرد تاکو بە شێوەیەکی ئاشتیانە بتوانرێت گشت کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە رێز لە خواست ویستی گشت پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت و داهاتووەکی گەش و پڕ لە متمانە و سەقامگیری بۆ هەموو لایەک مسۆگەر بکرێت".

بەپێی زانیارییەکانی سپی دوای ئەوەی هەمان وەفد کە لە مەسرور بارزانی و فواد حسێن پێکهاتوون لە ئەمەریکا لە دیداری بەرپرسانی ئەمەریکا بێ ئومێدبوون لەسەر پرسی ریفراندۆم و جیابوونەوە، یەکڕاست گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد بۆ دیدار لەگەل سەرکردە عێراقییەکان.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە ئەو وەفدە بەو مەبەستە چوونەتەوە بەغدا کە جارێکی تر هەوڵی چارەسەری کێشە هەڵپسێردراوەکان لەگەڵ بەغدادا بدەن، هەروەها کاریش بکەن بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان بارزانی و عەبادی و سەرکردە عێراقییەکانی تر. 



PM:02:41:05/06/2017