لاهوری شێخ جەنگی لەگەڵ نوری مالکی کۆدەبێتەوە

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، لەمیانی سەردانێكیدا بۆ شاری بەغداد، لەگەڵ نوری مالکی ئەو کەسەی کە دوژمنایەتییەکی سەرسەختی لەگەڵ بارزانی هەیە، کۆدەبێتەوە.

بەشێك لەبەرپرسانی باڵای سیاسی و ئەمنی حكومەتی عێراق كۆبۆتەوە و ناوەرۆكی كۆبونەوەكانیش ئاشكرا دەكات.

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری هەرێم، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک سەردانێکی خۆی ئاشکرا دەکات کە چوارشەممە بۆ بەغدادی کردووەو لەگەڵ چەند بەرپرسێکی عێراقی کۆبۆتەوە، لە نێویشیاندا، نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆمارو سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کە بەگەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق ناسراوەو بە نەیارێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی ناوزەد دەکرێت.  
بەپێی ئەو هەواڵەی لاهوری شێخ جەنگی بڵاویکردۆتەوە تیایدا "چەندین دیدار وكۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی عێراق ئەنجام دا، لەكۆبونەوەیەك لەگەڵ بەڕێز(دكتۆر فوئاد مەعسوم) سەرۆك كۆماری عێراق، باس لەپەیوەندییەكانی نێوان بەغداد وهەرێم كراوجەخت كرایەوە كەتەواوی كێشەكان بەدیالۆگ چارەسەر بكرێن".

ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ نوری مالیكی كۆبۆتەوە و تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدادیان كردوە.( پارتی مالکی بەو بەرپرسە عێراقییە دەزانێت کە مووچەو بووجەی هەرێمی بڕیووە ).

دەڵێت"پاشان لەگەڵ بەڕێز (دكتۆر نوری مالیكی) جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوینەوە، ڕوانینی خۆمان سەبارەت بە گرفتەكانی نێوان ناوەند وهەرێم باسكرد وكەدەبێت تەواوی پرسەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، چونكە تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بەهۆی شەڕی دژ بەتیرۆر زۆر ماندوبون، پاشان تاوتوێی مەترسییەكانی حەویجەمان كرد بەم شێوەیەی ئێستا كەهەیە هەروەها سنوری دیالە وحەمرین كەبۆتە مۆڵگەی تیرۆریستان، قۆناغی دوای شەڕی داعش كەدەبێت سەقامگیری سیاسی وكۆمەڵایەتی وئابوری دەستەبەرببێت دوا تەوەری كۆبونەوەكەمان بوو".

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری نوسیویشیەتی"لەدیدارێكی تردا لەگەڵ بەڕێز (عیرفان ئەلحەیالی) وەزیری بەرگری عێراق كۆبوینەوە، باس لەدوا پێشهاتەكانی شەڕی دژ بەداعش تاوتوێكراو سوپاس ودەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كەهەمیشە لەسەنگەری بەرگری دابون، هەروەها پەیوەندی نێوان سوپای عێراق وهێزی پێشمەرگە لەڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان بەگرینگ وەسفكرا، لەتەوەرێكی تردا مەترسییەكانی مانەوەی تیرۆریستانی داعش لەحەویجە تاوتوێكرا هەروەها مۆڵگەكانیان لەدیالە و زنجیرە چیای حەمرین كە هەموو ئەمانە دەبنە هەڕەشە بۆسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە". 

لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە سەردانەكەدا لەگەڵ (فالح فەیاز) راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی كۆبونەتەوە و وجەختیان لەپەیوەندی وئاڵوگۆڕی زانیاری ودانانی بەرنامەی هاوبەش كردۆتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی زیاتری تیروریستان بەتایبەتی لەسنوری حەویجە ودیالەدا. 

نوسیویەتی"لەكۆتایی سەردانەكەمان لەگەڵ بەڕێز (عوسمان ئەلغانمی) سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق كۆبوینەوە، شەڕی دژ بەداعش و پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگە وسوپای عێراق مانەوەی حەویجە بەم شێوەیەی ئێستا تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەبون".



PM:08:07:08/06/2017