وەزیری شارەوانی: لەماوەی 10 ڕۆژدا ڕێژەی داهات 73 ملیۆن دۆلار بووە

ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان لەرۆژانی جەژن ئاشكرادەكرێت و وەزیری شارەوانیش ڕایدەگەیەنێت "داهاتی گەشتیاری 75 ملیۆن دۆلار بووە".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 5ی تەمموز لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "چەندین ناوچەی گەشتیاری لەوانەش كانی ماران و بێخاڵ و گەلی شێران لەسەر 20%ی بودجەی گەشتیاری نۆژەنكراونەتەوە و بڕیاریشە سەیرانگەی ئەحمەدئاوا نۆژەن بكرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پارەیەكی زۆر تەرخان كراوە".

ئاشكراشیكرد 30%ی گەشتیاران لەئێران و توركیا و وڵاتانی تر هاتوون و ئەوانی تر لەناوەراست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم، بەڵام بەگشتی لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا 243 هەزار گەشتیار روویان لەهەرێم كردووە و "ڕێژەی داهاتیش 73 ملیۆن دۆلار بووە".

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو زەویانەی بۆ پرۆژەی گەشتیاری كە پێیان دەوترێت تارین ئامادەكراون و ئەو كەسانەی ناویان تۆماركراوە كە قەرەبوو بكرێنەوە دەتوانن لەیەكشەممەوە سەردانی گەشتوگوزاری هەولێر بكەن بۆ واژۆكردنی گرێبەست و دەستپێكردنی پرۆژەكانیان.

لەبارەی وەرگرتنی 10 هەزار دینار لەهەر گەشتیارێك، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكرایكرد، "ئێمە ئەو پارەیە وەرناگرین و رەنگە بۆ ئیجرائاتی دەروازەكان و دروستكردنی كارت و داخڵبوونی گەشتیاران بێت".
سەبارەت بە كێشەی كەمئاویش لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد "كێشەی كەمئاوی بەهۆی كەمی كارەباوەیە".



AM:10:49:05/07/2017