کاروان عومەر کاکەسوور: بڕیارمدا واز لە نوسین بهێنم

ڕۆمانووس و چیرۆکنوسی دیاری کورد کاروان عومەر کاکە سوور لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد کە بڕیاریداوە واز لە نوسین بهێنێت و دەڵێت یان دروستتر بڵێم یەک وشەی دیکە بڵاونەکەمەوە.

کاروان لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە دەڵێت ” ڕاستییەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)ی کوردی نائومێد دەبووم، تاکوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، کە مەبەستی سەرەکیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەکم بەو دنیایەوە نەماوە."
کاکە سوور لە بەشێک لە هۆکاری نائومێدییەکەیدا نوسیویەتی ” دەیڵێمەوە دنیای ئەمڕۆی کەلتووریی کوردی بە دەگمەن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەهێڵێتەوە، کە تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ ئەستەتیک هەیە، بەڵکوو ئەوانە دەپارێزێت، وا بە هەمان چاوی خەڵک لە چەمکەکانی ئەدەب و هونەر دەڕوانن و بە زمانی میللییش دەنووسن".
کاروان لە 15-05-1964 لە شاری هەولێر لە باشووری کوردستان لە دایک بووە چوار کۆمەڵەچیرۆکی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ)، (ئەسپیدیلۆن)، (خەوننامەی دادە سۆزی) و (منارەی ئاوەدانی).  و چەند ڕۆمانێکی بڵاوکردووەتەوە کە پێکدێت لە (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا)، (مامزێر) و (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) (کازینۆی منداڵان) و رۆمانێکی هاوبەشیشی لەگەڵ (دواڕۆژ)ی کوڕی لەژێر ناونیشانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان دەگواستەوە)دا بڵاو کردووەتەوە). هەر لە بواری گێڕانەوەدا کتێبی (منداڵیم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)ی هەیه، کە سەربردەی ژیانی منداڵیی خۆیەتی. ناوە ناوەیش گوتار لەبارەی فکر، ئەدەب و هونەرەوە دەنووسێت. 
کتێبێکی هاوبەشی بە ناونیشانی (مناڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە) لەگەڵ (دانا فایەق)دا هەیە، کە گفتوگۆیەکی درێژە و تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی (دانا فایەق) دەداتەوە. 
بیست کتێبی منداڵانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە، کە دەزگای موکریانی ساڵی 2010 چاپی کردوون. 
کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)ی بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکاری دانمارکی (ئەنیتا ئێسپاندەر) بە کوردی و دانمارکی نووسیوە. 
هەروەها چەند بەرهەمێکی بڵاونەکراوەیشی بۆ چاپ ئامادەن، لەوانە رۆمانی (کازینۆی منداڵان)، (کۆمەڵێک گوتار لەبارەی ئەدەب، هونەر و فکرەوە) و کتێبی (ئامادە و بەردەوام، کۆمەڵێک گفتوگۆ لەگەڵ کاروان کاکەسوور). ئێستا خەریکی نووسینی رۆمانێکی نوێیە، کە ساڵێک دەبێت دەستی پێ کردووە. 
هەندێک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانی عەرەبی، فارسی و سوێدی وەرگێڕدراون


دەققی ئاگادارییەکەی کاروان عومەر کاکە سوور بخوێنەرەوە
من (کاروان عومەر کاکەسوور)م… تاکوو ئەمڕۆ کۆمەڵێک کتێبم چاپ کردوون، بڕیارم دا واز لە نووسین بهێنم، یان دروستتر بڵێم یەک وشەی دیکە بڵاو نەکەمەوە.
دیارە بیرۆکەی وازهێنانم نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە. لە گوتارێکیشمدا، کە پێوەندیی بە نووسەرێکی لاوەوە هەیە و لە (08.07.2011)، لە ماڵپەڕێکدا بڵاو کراوەتەوە؛ گوتوومە: (من هیچ کاتێک ترسم لە وازهێنان نەبووە و زۆر جار ویستوومە ئاگادارییەک بۆ مێدیاکان بنووسم و بڵێم ئیتر واز لە نووسین دەهێنم).
بەوەدا ئەزموونێکی دوور و درێژم لەگەڵ نائومێدیدا هەیە، پێم وایە دوو جۆری هەن: یەکەمیان، بۆ ناو بیرکردنەوە ئاڕاستە دەبێت، خەیاڵت دەجووڵێنێت و دەتخاتە بەردەمی شتی نوێوە، ئەنجام بەرهەمی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام دووەمیان، بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەت دەخزێت، بۆیە کاتت بە فیڕۆ دەدات و خەیاڵت تەسک دەکاتەوە. ئەو نائومێدییەی لە دنیای کوردیدا بەری دەکەویت، لە جۆری دووەمیانە. هەمیشە وا هەست دەکەیت ماڵەکەت پڕە لە نووسەر و تەنیاییت لێ داگیر کراوە، لە کاتێکدا من بە زگماک شێتی تەنیاییم و بەرگەی قەرەباڵغی ناگرم.
((بەوەدا لەو کەسانە نیم، کە هەموو گوناهێک دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ترەوە، ئەوە دەمەوێت بڵێم دەشێ منیش بۆ ئەوانەی تر بووبێتمە هۆکاری نائومێدی. ڕەنگە هێزی منیش هەر هێندە بووبێت، کە بتوانم بەرگەی ئەو دۆخەی پێ بگرم. کەواتە مەبەستەکەم دوورە لەوەی خۆم بە دروست دابنێم و ئەوانەی تریش بە چەوت)). ڕاستییەکەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە دنیای (نووسین و بڵاوکردنەوە)ی کوردی نائومێد دەبووم، تاکوو گەیشتە ئەوەی ئەم ئاگادارییە بنووسم، کە مەبەستی سەرەکیم تێیدا ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و هیچ پێوەندییەکم بەو دنیایەوە نەماوە.
بە پێویستی دەزانم ئەم سەرنجانە بخەمە ڕوو:
یەکەم: لە هەندێک نووسەرەوە بابەتم پێ گەیشتوون، بەو مەبەستەی بۆیان بخوێنمەوە و سەرنجیان بۆ بنووسم. بەوەدا بەڵێنم پێ داون، ناکرێت ئەو بەڵێنە نەبەمە سەر، بەڵام هیوادارم لەمەودوا یەک بابەتی ترم پێ نەگات. تکام وایە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنمی لایە، کاتێ پێوەندیم پێوە دەکات، لەبارەی ئەم بڕیارەوە هیچم لەگەڵدا نەڵێت. بەگشتی پێم خۆش نییە کەس لەبارەی ئەدەب، هونەر، فکر و هەر چەمکێکی تری لەم بابەتەوە بمدوێنێت، بەڵام لەبارەی ڕووەکانی دیکەی ژیانەوە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەی گفتوگۆم. وەک پێشتر گوترا مەبەستی سەرەکیم لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە بزانن ئەم بڕیارەم داوە و ئیدی نامەوێت لەبارەی ئەو شتانەوە قسە بکەم.
دووەم: لەگەڵ هەر دەستگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، یان لەگەڵ هەر کەسێک ڕێک کەوتووم کتێبم بۆ چاپ بکات، لە ڕێکەوتنەکەم پاشگەز نابمەوە، مەگەر ئەوان خۆیان هەڵیانوەشێننەوە. هەر ئێستایش کتێبی (ڕاگەردان) و (ڕێگەکانی ژەهر)م چاپ کراون و لەم نزیکانەیش (منارەی ئاوەدانی)م چاپ دەکرێتەوە. بۆ چاپکردنەوەی (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) و ئەوانەی تریشم پار گفتم بە کەسێک داوە، کە تاکوو ئێستا دوو ئەزموونم لەگەڵی هەن. ئەگەر ویستی پەشیوان بێتەوە، گرفت نییە. ئەوە سەرجەم گفتوگۆ و گوتارەکانیشم دەگرێتەوە، کە بۆ چاپکردنیان بەڵێنم لێ وەرگیراوە.
سێیەم: هەر نووسەرێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردووم و هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە، مافی خۆیەتی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام خۆزگە لە پەراوێزدا دەنووسێت پێش بڕیاری وازهێنانەکە بووە!
چوارەم: نووسەر و و


PM:01:36:01/08/2017