حكومەتی هەرێم كارەبا بە حكومەتی عێراق دەفرۆشێت


بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای وێستگەی بازیان دەفرۆشێت بە حكومەتی ناوەندی و حكومەتی ناوەندیش خۆی گازوایل بۆ بەگەڕخستنی دابین دەكات.

سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئاماژە كردن بە نوسراوەكەی وەزارەتی كارەبا نوسیویەتی"بەپێی ئەم نوسراوە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان زەرەمەندی سیاسەتی حزبیانەی وەزارەتی كارەبا و سامانەسروشتیەكانن كە خۆی دەبینێتەوە لە یەك كەس ، كە پێنج ملیون خەڵكی ئەم هەرێمەیان كردووە بە قوربانی دوو كۆمپانیا بەناوی ( قەیوان ، كار )".

بەپێی نوسراوەكە كە بە ژمارە (83) لە رێكەوتی (11/7/2017 ) دەرچووە و بە پاڵپشتی نوسراوی ژمارە 182 لە رێكەوتی 9/7/2017 دەرچووە بە فەرمانی ئاشتی هەوارومی كە وەزیری كارەبایە بە وەكالەت ، ئەم نوسراوە باس لە بەگەڕ خستنی وێستگەی بازیان دەكات ، بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە گازوایل و لە رێگەی وێستگەی 400 كی ڤی هەرێمی كوردستان رەوانی عێراق بكرێت.

غالب محەمەد لە نوسینێكدا كە ئاماژەی بەوەداوە فرۆشتنی كارەبا بە حكومەتی ناوەندی كاریگەری خراپی دەبێت، بەم شێوەی لای خوارەوە:

1. ئەم وێستگەی بەرهەم هێنانی كارەبا ‌ كە كارەبا بەهەم دێنێت بە سووتەمەنی گازوایل ( گاز ) كە ئەمیش وای كردووە لە ماوەی دوو رۆژە گاز دوو سەد دولار لە یەك تەن زیاد بكات ،كاریگەری خراپی هەیە لە ‌ سەر مولیدە ئەهلیەكانی خۆمان كە دەلێن لە ئەم مانگەدا ئەمپێرێك 4 هەزار دینار زیاد دەكات.

2. بە هۆی گرانبوونی گاز وایل ، شتومەكیش گران دەبێت چونكە شتوومەك بە ئۆتۆمبیلی بار هەڵگر دەگوازێتەوە كە گازوایل گرانبێت نرخی گۆاستنەوەكەی گران دەبێت .

3. ئەم كارەبایە كە بۆ عێراق رەوانە دەگرێت لە رێگەی ویستگەی 400 كی چی هەرێمی كوردستان كە ئەم ویستگەیە موڵكی حكومەتی هەرێمە بەڵام دەخرێتە خزمەتی قەیوان ، دەتوانین بەڵێن ماڵی گشتی دەخرێتە خزمەتی كۆمپانیاكە یا دوو كۆمپانیا بێ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێم هیچ سوودمەند بن .

4. وەك دەزانین خۆمان كێشەیەكی گەورەی كارەبامان هەیە ، بەڵام بە ویستگەكان كە درووست كراون كارەبا بە هاوڵاتیانی هەرێم بدەن كە چی كارەبا بۆ عێراق دابین دەكەن و دەبێتە ‌ هۆكاری گرانبوونی كارەبای ئەمپێریش ( كارەبای مولیدە ئەهلیەكان ).

5. هەموو بەرهەمی گازوایلی ( پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك ) دەخەنە خزمەتی پرۆژەكەی خۆیان كە بەرهەم هێنانی كارەبایە بۆ عێراق ، بەمەیش گازوایل لە ناو بازارەكانی هەریمی كوردستانن نەماوە و بە ئاسان دەست ناكەوێت.

فرۆشتنی كارەبا لەلایەن حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی نزیك لە حزبەكان لەكاتێكدایە كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كارەبای پێویستیان بۆ دابین نەكراوە و چەندین جاریش خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ئەنجامدراوە.



PM:10:28:11/08/2017