ئیمارات شتیوانی ڕیفراندۆم دەكات
"پشتیوانییە سیاسی و داراییەكانی بۆ پارتی زیاتر كردووە"

دەزگایەكی هەواڵگری ئەمریكی ڕایگەیاندووە، لەم دواییانەدا شانشینی ئیمارات پشتیوانییە سیاسی و داراییەكانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر كردووە و پشتیوانی ڕیفراندۆمیش دەكات.

دەزگای هەواڵگری ستراتفۆر كە دەزگایەكی ئەمریكییە لە بەدواداچوونێكدا ڕایگەیاندووە، شانشینی ئیمارات لە دژی ئێران و توركیا پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی هەرێم دەكات.

دەزگا هەواڵگرییە ئەمریكییەكە دەشڵێت، هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییەوە.

هەروەها لەبارەی دۆخی ناوخۆی عێراقەوە ڕایگەیاندووە، سەركردە سیاسییەكانی عێراق، هەریەكە لە عەمار حەكیم و نوری مالكی و حەیدەر عەبادی هەڵوێستەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە لەبەرامبەر سوننەكان و كورد، بەمەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندیان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا. 

ماڵپەرەكە پێشبینی دەكات لە داهاتوودا شەڕی ڕاستەقینەی دەسەڵات لەنێوان مالكی و عەبادی و حەكیم ڕووبدات لەسەر مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆك وەزیران، لەكاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق ئەو لایەنەی كە زۆرترین كورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت.

ستراتفۆر دەزگایەكی هەواڵگری ئەمریكییە كە لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە پێشبینی بۆ زۆرێك لە ڕووداوەكانی جیهان كردووە و لەلایەن ناوەندەكانی توێژینەوە و بەرپرسانەوە بەگرنگییەوە تەماشا دەكرێت.



PM:03:05:21/08/2017