"سپی" ناوەرۆکی کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ مەکگۆرگ و هاوپەیمانان ئاشکرادەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بریت مەکگۆرگ، نوێنەری سەرۆکی ئەمریک بۆ شەڕی داعش و هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بارزانی کۆبوونەوە و "سپی" ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و مەکگۆرگ و وڵاتانی هاوپەیمان لە جەنگی دژی داعش بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی و مەکگۆرک دوو پشنیاریان هەبووە بۆ یەکتری".

سەرچاوەکەی "سپی" ئاشکرایکرد بارزانی پێشنیاری ئەوەیکردوە لەبەرامبەر دواخستنی (2 ـ3) ساڵی پرسی ڕیفراندۆم بەغدا بەڵێن بدات بە دان نان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دوای ئەو چەند ساڵە و لەو ماوەیەشدا نەخشەڕێگایەک گەڵاڵە بکرێت بۆ پرۆسەی جیابونەوەی کوردستان لەعێراق.

سەرچاوەکە ئەوەی خستەڕوو لەبەرامبەر پێشنیارەکەی بارزانی  مەکگۆرگ و هاوپەیمانان ڕایەکی دیکەیان هەبووە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لەبەرامبەر ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆم کۆبوونەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەرخان بکرێت بۆ کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر و ئەو دەزگا نێودەوڵەتیە سەرپەرشتی بکات.

سەرچاوەکە وتیشی کە بارزانی پێشنیارەکەی لا پەسەندبووە، بەڵام وتویەتی "ئەوە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد و خەڵکە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ڕای لایەنە سیاسیەکان و لە ئایندەیەکی نزیکدا وەڵامی ئەم پێشنیارە دەدەینەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئەیلول مەسعوود بارزانی پێشوازیی لەگەڵ شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کۆبووەوە کە پێکهاتبوون لە برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، فرانک بەیکر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان.

پاش کۆبوونەوەکەش سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بارزانى و نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا  بەدیلی ڕیفراندۆم خراوەتەوە ڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرایکردووە " بارزانى وتویەتى ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کورد باس دەکات و لە ماوەیەکى نزیکدا هەڵوێستى لە بارەوە ڕادەگەیەنن".

هەر ئەمڕۆ "سپی" وەک یەکەم دەزگای میدیایی لەزاری  سەرچاوەیەکی سیاسی باڵاوە ئەوەی ئاشکراکرد کە ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت.

زانیاری زیاتر لەم هەواڵەدایە



PM:09:37:14/09/2017