سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕونکردنەوە دەدات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی پەرلەمانی عێراقی نەکردووە کە بڕیارەکانی دژی کورد بوون.


سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەواڵی چەواشەکاری بڵاوکراوەتەوە کە گوایە من بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەمدوایەی پەرلەمانی عێراقم کردووە، بەڵام هەموو ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و من دژی هەموو ئەو بڕیارانەم کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەرکراوە،لە کاتی بایکۆتی فراکسیۆنە کوردییەکانەوە تەنانەت نەچوومەتە بینای پەرلەمانی عێراقیش".

سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکرد "هەواڵی چەواشەکارانە هەیە گوایە من وتبێتم ناگەڕێمەوە شاری هەولێر، ئەو هەواڵانە هەموو پارتی دیموکراتی کوردستان دروستی دەکات و من لە دوای ئەو خۆپیشاندانانەی لە دژم کرا لە هەولێر ناهێڵن بچمە شاری هەولێر و ئێستاش ڕێگا بدەن دەگەڕێمەوە ئەو شارە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەشی ڕاگەیاند "تاکە شتێک من لە دەستم بێت ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنی هەموو ئەو بڕیارە چەوتانەبم کە مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان و کوردیش هەیە".

لەچەندین ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند ڕاگەیاندن و پەیجێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوە بڵاوکرایەوە سروەعەبدولواحید بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقی کردووە کە بڕیارەکانی دژی کورد بوون.



PM:05:14:28/09/2017