عه‌بادی له‌سه‌ر ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هاتە دەنگ

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاتە دەنگ و دەشڵێت کوردەکان هاوڵاتی ئێمەن و مافیان دابین دەکەین".


حەیدەر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماده‌یی خۆی بۆ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نیشانده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت "کوردەکان هاوڵاتی ئێمەن و مافیان دابین دەکەین".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە پرۆسەی ووردبینیدان بۆ ناوی مووچەخۆرانی هەرێم و دەشڵێت "دەبێت فه‌رمانبه‌ری راسته‌قینه‌ له‌ موچه‌خۆری وه‌همی و بندیواری حزبه‌كان جیابكرێته‌وه‌، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش كار بۆ ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ راسته‌قینه‌كان ده‌كه‌ین".

عەبادی باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ داوامان لێكراوه‌ موچه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا دابه‌ش نه‌كه‌ین، كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری پێده‌كرێت و به‌شی زۆریان فه‌رمانبه‌ری راسته‌قینه‌ نین و له‌ دام و ده‌زگا حكومییه‌كان خزمه‌ت ناكه‌ن و بەشێکی پارەکەش بۆ حزب دەچێت.

له‌باره‌ی گفتوگۆكردنیش له‌گه‌ڵ هه‌رێم سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند "ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆو ئه‌وه‌شمان به‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا راگه‌یاند كه‌ پێمان باشه‌ وه‌فدێكی هاوبه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا كۆببنه‌وه‌و رێكبكه‌ون".

عه‌بادی وتیشی "له‌پێناو به‌رگرتن له‌ رشتنی خوێن، وه‌فدێكی سه‌ربازیمان نارد بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم سوورن له‌سه‌ر خوێن رشتن".





PM:08:06:05/12/2017