خشتەی موچەی مانگی ئەیلول ڕادەگەیەنرێت

دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران تا ئێستا لەلایەن حكومەتەوە ڕانەگەیەندراوە و سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە زانیاری ئاشكرادەكات.


خشتەی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە و بەپێی ئەو زانیاریانەش كە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بە "سپی میدیا" دراون پێناچێت ئەم هەفتەیە خشتەی موچە بڵاوبكرێتەوە و ئەگەر هەیە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو بە وەزارەتی پێشمەرگەش دەستپێدەکات.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی هۆكاری دواكەوتنی ڕاگەیاندنی خشتەی موچەی بۆ نەبوونی پارە گەڕاندەوە و ڕایگەیاند "ماوەی هەفتەیەكە ووردبینی بۆ لیستی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بووە و ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست دابەشكردنی موچەكانیان ڕانەگەیەندراوە".

لەوبارەیەوە عیزەت سابر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "سەبارەت بە موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێم بەدواداچوونمان كردووە، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە هیچ زانیاریەكمان پێنادرێت و بەفەرمی پێیان ڕانەگەیاندووین كەی موچەی مانگی ئەیلول دەدرێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی "بەپێی پێشبینیەكانمان و ئەوەی دەیبیستین لە سەرچاوە نافەرمیەكانەوە هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی موچەخۆران".

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە 45 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی ئابی وەزارەتی پێشمەرگەدا تێپەڕ بووە و لەدوای ڕیفراندۆمیشەوە تەنها یەك موچە دابەش كراوە.



PM:09:19:10/12/2017