عەلی حەمە ساڵح ووردەکاری کۆبونەوەی حکومەت و پەرلەمان ئاشكرا دەكات"دۆخی خەڵک لەمەی هەیە خراپتر دەبێت"

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان دواین قسەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی موچەوە ئاشكرا دەكات و ڕاشیدگەیەنێت "دۆخی خەڵک لەمەی هەیە خراپتر دەبێت".


عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، لەپەیجی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەت و پەرلەمان بڵاوكردۆتەوەو رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم وایداناوە كە رۆژانە 319 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت لەو بڕە 15 هەزار بۆ دامەزراوەی حكومەت و 284 هەزار بەرمیل بەبۆری هەناردە بكات و ئەوەكەشی بۆ پاڵاوگەكان، ئەو داهاتەی لەنەوت دەمێنێتەوە، لەهەر بەرمیلێك 34 دۆلارە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە كۆی داهاتی دەكاتە 375 ملیار دینارو كۆی داهاتی وەزارەتەكانیش 85 ملیار دینارە، كە حكومەتی هەرێم 400 ملیار دیناری بۆ موچەو 60 ملیار دیناریشی بۆ خەرجی فەرمانگەكانی حكومەت داناوە.

عەلی حەمە ساڵح لەبارەی وەڵامەکان حکومەت بۆ پرسیارەکانیان دەڵێت "پرسیاری ئەوەمان كردووە كە هیچ گرەنتییە نییە 460 ملیار دینار بەدەستبهێنرێت، چونكە ئێوە داتانناوە هەموو نەوتەكە بفرۆشن، چیدەدەن بەقەرزی توركیا؟ چیدەدەن بەقەرزی شەش كۆمپانیای نەوتی، كە پێشەكی پارەكەی وەرگیراوە؟، ئەگەر عیراق خورمەڵە بگرێت كە بەرهەمی ڕۆژانەی 110 هەزار بەرمیلە گرفتەكە زۆر گەورە دەبێت. چی دەكەن؟" لە وەڵامدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت رایگەیاندووە، كە "كەی چەند پارە هەبوو دابەشی دەكەین! ، بۆیە بەهیچ شێوەیەك موچە بەسیستمی پاشەكەوت مانگانە نادرێت".

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان رایگەیاندووە: نێچیرڤان بارزانی لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی كە بڕە پارەیەكی زۆر لەتوركیاو شەش كۆمپانیا وەرگیراوە بە فرۆشتنی نەوتی بە پێشوەخت چی لێهاتووە؟، وتویەتی "لەئایندەدا وەڵام دەرێنەوە".

لەوەڵامی ئەوەی (10)  دۆلاری بانكەكان ڕاكێشراوە چی لێهاتوە؟، بارزانی وتویەتی "دوای وەڵام دەدەینەوە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەبارەی چاکسازیشەوە رایگەیاند "حكومەت ئامادەیی دەربڕی  چاكسازی لەمیلاكی پێشمەرگەو پاسەوانی و هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینی نایاسایی بكرێت".

سەبارەت بەلێكۆڵینەوە لەسەروەت و سامانی بەرپرسان و گێڕانەوەی ئەو پارانەی لوتكەی دەسەڵات بردویەتی یان بەدەستیهێناوە، عەلی حەساڵح دەڵێت "حكومەت وەڵامی نەبوو، تەنیا وتیان بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسێی گەندەڵی و دزییانە دەكەین كە خستمانەڕوو".

لەكۆتایی راگەیەنراوەكەشیدا، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان رایگەیاندووە، "موچەو ژیانی خەڵك لە ساڵی ئایندەدا خراپتر دەبێت،  دەبێت ئەم حكومەتە هەڵوەشێتەوەو ئێمە پشتیوانی ناكەین".

ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر ئەو بەڵێنەی دراوە بۆ چاكسازی لە لیستی موچەخۆرو خانەنشینان جێبەجێبكرێت، كارێكی باشە".



PM:06:34:13/12/2017