ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕێککەوتنێکی نهێنی پارتی و تورکیا ئاشکرادەکات

رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا لەسەر پێكهێنانی ناوچەی ئەمنی لەسەر سنوور رێككەوتوون و دەڵێت "ئامانجی پێکهێنانی ئەو ناوچەیە بۆ رێگرتنە لە چالاكییەكانی گەریلاكانی پەكەكە".


رۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و دەوڵەتی توركیا لەسەر پێكهێنانی ناوچەی ئەمنی لەسەر سنوور رێككەوتوون و ناوچەكە بەڕووی هەموو هاووڵاتییەكی مەدەنییدا دادەخرێت و هەركەسێكیش بچێتە ئەو ناوچەیە، وەك "تیرۆریست" مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە كە بڕیاری پێكهێنانی ناوچە ئەمنییەكە لەكاتێكدایە كە هەولێر كاری بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە دەدات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی پەیوەندییەكانیان بەهۆی ریفراندۆمەكەی ئەیلولی 2017ەوە تێكچوو.

رۆژنامەی واشنتۆن تایمز ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە كە لەدوای ریفراندۆمەكەوە، كورد زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە كە پێشتر لەدەست داعش رزگاریكردبوون و حكومەتی عێراق كۆنترۆڵ كردوونەتەوە.

پێشتریش میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویانکردبۆوە کە پارتی ناوچەی برادۆستی رادەستی تورکیا کردووە و سوپای تورکیاش سنوری هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و چەند جارێک گەریلاکان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.



PM:10:43:04/01/2018