دوایین بڕیاری لەبارەی دۆسیەی مەلا كرێكارەوە دەدرێت

وەزیری دادی نەرویج رایگەیاند ، ئەگەر دادگای ئیتاڵیا مەلا كرێكاری بە تاوانبار ناساند، ئەوا حكومەتی وڵاتەكەی ئامادەیە ناوبراو رەوانەی ئەو وڵاتە بكاتەوە  

بڕیارە رۆژی چوارشەممە دادگاییكردنی نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا كرێكار بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، داواكاری گشتی ئیتاڵیا ئەو تۆمەتە دەخاتە پاڵ مەلا كرێكار، كە لە پشت رەوتی "شاخ"ەوەیە، كە تۆڕێكی ئەوروپیە و ئامانجیەتی لە رێگای تووندوتیژییەوە دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات و بە حكومەتێكی رادیكاڵ شوێنی بگرێتەوە.

 میدیای نەرویج بڵاویكردەوە، رەوتی "شاخ" پلانی هەبووە، كە دواجار پەیوەندی بە داعشەوە بكات، بەڵام تا ئێستا ئەوە یەكلا نەبۆتەوە.

هاوكات میدیای نەرویج بڵاویكردەوە داواكاری گشتی ئیتاڵیا دەڵێت "رەوتی شاخ تۆڕێك لە شانەی دروستكردووە، بۆ ئەوەی كاری تووندوتیژی لە خاكی ئەوروپا دژی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی ترس لە دڵی خەڵكی دروست بكات، یان گوشار لە سەر حكومەتەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دروست بكات".

هاوكات پێرڤیڵی ئاموندسن، وەزیری دادی نەرویج بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاند، ئەگەر مەلا كرێكار بە تاوانبار ناسێندرا ئەو كاتە دەبێت تاوانبارەكەش بنێردرێت بۆ ئیتاڵیا. 

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا كرێكار دامەزرێنەری گروپی "ئەنسارل ئیسلام" بوو لە هەر‌ێمی كوردستان و تۆمەتباریشە بە هەڕەشەكردن لە ئێرنا سۆڵبێرگ، سەرۆكوەزیرانی نەرویج. بەڵام مەلا كرێكار ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە كە داواكاری گشتی ئیتاڵیا داویەتییە پاڵی. 

   



PM:02:47:07/01/2018