لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین ۱۳ بارەگای حزبی سوتێندراون

لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و هەردوو ناحیەی خدران و بنگرد، نزیکەی ٧٠٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە و بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە ١٣ بارەگاى حزبەکان لەو سنورەدا سوتێنراون.


حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ساڵی ٢٠١٧ی  ڕاگەیاند، کە لەو ساڵەدا (٦٨٤) ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیان تۆمارکردوە. ئاگرکەوتنەوەکانیش بەهۆی شۆرتی کارەبا و تەقینی غازی ماڵان و چەند هۆکارێکی نادیارەوە ڕوویانداوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە چوار ملیار و پێنج سەد و سی و حەت ملیۆن و چوارسەد و هەشتا و هەشت هەزار دینار خەمڵێندراون.

هاوکات وتەبێژی بەرگری شارستانی وتیشی، بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی (١٠٠٠) ماڵ لە سنورەکەیاندا زیانیان پێگەیشتووە.

حسێن عەبدوڵا باسى ئەوەشیکرد، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٩ی سێپتەمبەر و ڕۆژانی دواتر ١٣ بارەگای حیزبی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین سوتاون کە زیانەکانی بە (یەک ملیار و سێسەد و هەشتا و سێ ملیۆن و سەد و پەنجا و یەک هەزار دینار) خەمڵێنراوە.

ئاشکراشیکرد، لە ساڵی ڕابردوودا ١٦ هاولاتی بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی خنکاوان بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ دوو هێندە زیادیکردوە



PM:04:36:08/01/2018