وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێدوان لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە بۆ مووچەخۆران دەدات و دەڵێت "ھەوڵدەدەین لەمساڵدا بەردەوام بین لە پێدانی مووچە".


رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە "دەنگی ئەمریکا"ی راگەیاندووە، وەزارەتەکەی لیستی ھەموو مووچەخۆرانی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بینێرێتە بەغدا و دەڵێت ئومێدێکی زۆرم ھەیە بەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە رێککەوتن".

رێباز حەملان رایگەیاندووە، تا ئێستا ھیچ شتێکی وا نەھاتۆتە پێش بۆ نەدانی مووچە، "ھەوڵدەدەین لەمساڵدا بەردەوام بین لە پێدانی مووچە".

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە پاشەکەوتی مووچە کردووە و رایگەیاندووە، پاشەکەوت بەھۆی بەردەست نەبوونی داھاتە و لە ئەگەری رێککەوتنی ھەولێر و بەغداش لەبارەی بودجە، ئەوا ھیچ پاساوێک بۆ پاشەکەوتکردن نامێنێتەوە، دەشڵێت "مووچەی فەرمانبەران بەپێی یاسایە بۆیە ھەرکات داھاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە ھەموو پاشەکەوتی مووچەکانیان وەربگرنەوە".

لەبارەی پرۆژە یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەوا ١٥٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێنێتەوە، ھیواشی خواست ئەو پەرلەمانتارانەی "ماوەی چوار ساڵە لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دادپەروەری و مافی خەڵک دەکەن، بەرگری لەم پرۆژەیە بکەن".



PM:12:15:18/01/2018