یوسف محەمەد بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستە دەکات

یوسف محەمەد لە بانگەوازێکی بەپەلەدا رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئەركی هەموانە بەرگری لە گەلی سیڤیل و ئاشتیخواز و دژە تیرۆری عەفرین بكەن و فشار بكەن بۆ وەستاندنی پەلاماری نابەرامبەری سوپای توركیا بۆ سەریان. 


د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیستی "نیشتمان" لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە بانگەوازێكی بەپەلەی بۆ سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان ناردووە.

د.یوسف محەمەد رایگەیاندووە "ئەمڕۆ جارێكی تر گەلی سەربەرزمان لە ڕۆژاڤا كەوتوەتەوە بەردەم دەستدرێژیكارییەكی دوژمنكارانەی تر، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن سوپای توركیا و هاوكارانی".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەكردووە، جیهان قەرزاری فیداكاری و قوربانیدانی ژن و پیاوە قارەمانەكانی یەپەگە و یەپەژە و سوپای سوریای دیموكراتە لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی جیهان - داعش، هەر لە عفرین و كۆبانێوە تا ڕەققە و دێرەزور و شەنگال.

د.یوسف جەخیتكردۆتەوە، ئەمڕۆ ئەركی هەموانە بەرگری لە گەلی سیڤیل و ئاشتیخواز و دژە تیرۆری عەفرین بكەن و فشار بكەن بۆ وەستاندنی پەلاماری نابەرامبەری سوپای توركیا بۆ سەریان.

هەروەها بە ئەركی ئەخلاقی و مرۆیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر دەزانێت كە پارێزگاری لە یەكێك لە هاوپەیمانە هەرە‌ كاریگەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر بكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

د.یوسف محەمەد وتویەتی "داوا لە دەوڵەتی توركیاش دە‌كەین  كە لە بڕی شەڕ بیر لە ئاشتی و پێكەوەژیان بكاتەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ گەلەكەمان لە باكور و ڕۆژاوا، چونكە شەڕ دژ بە گەلەكەمان مەحكومە بە شكست".

رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەمی 2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون.



PM:10:14:21/01/2018