بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی عێراق: حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت

بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق پێیوایە حکومەتی عەبادی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێریت.

فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی پارتی رایگەیاندووە" نارنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە هیچ بەهانەیەكی نەماوە تەنیا پڕۆسەی وردبینی خەریكە ئەویش جێبەجێ دەكرێت، پارەكە لەسەر ژمارەیەكی بەنكی دانراوە، خۆم پێشتر ڕەشبین بووم لەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام دیارە دوای هەوڵەكانی ماوەكانی ڕابردوو، (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە مووچە بنێرێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە مافی یاسایی و دەستووریی خۆیانە".

لە سەردەمی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقدا بە بڕیارێكی سیاسی، مووچەو بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕدراو بەغدا ئابڵۆقەی ئابووری خستە سەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی عەبادیش درێژەی بەو بڕیارە سیاسییەدا.

لەبارەی ئەوەی ئایا ڕوونە بەغدا مووچەی چەند مانگ دەنێرێت و دووبارە مەترسی بڕینی هەیە، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد" ناردنی پارە لە بەغداوە بەو شێوەیەی پێشوو هەر نابێت، لەوانەیە جار جار كێشەی تێ بكەوێت و ببڕدرێت، لەبەر ئەوە پێویستە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت".

فازڵ نەبی دەشڵێت" حكومەتی عێراق هەندێ مەرجی دیكەی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەوانیش ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆو نەوت، پێم وایە ئەگەر لە سەرەتاشدا داوای جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە نەكرێت لە كۆتاییدا داوا لە هەرێم دەكرێ جێبەجێیان بكات".
 



PM:10:49:23/01/2018