وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچەوە بڵاوکردەوە


وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حکوومەتی عێراق بڕی 250 ملیار دیناری ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچە بۆ ھەولێر نەناردووە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ڕۆژی پێنجشەممە 25/1/2018، بڕی 250 ملیار دینار لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ لقی ھەولێری ھەمان بانک نێردراوە. دەشڵێت "ئەم بانکە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نییە و کارەکانیان لە ژێر بڕیاری بانکی مەرکەزی دایە".

ھەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان "ھیچ بڕە پارەیەکی لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی مووچە پێنەگەیشتووە".

دەشڵێت "لیژنەکانی  پێکھاتوو لە نێوان بەغدا و ھەولێر بەردەوامن لە وردبینی لەسەرجەم وەزارەتەکان، جگە لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ".

لە کۆتاییشدا وەزارەتەکە ھەموو لایەکی لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر دابەشکردنی مووچە و ھەر بڕە پارەیەک لە بەغداوە بێت، "وەزارەتمان رایدەگەینێت".



PM:01:58:01/02/2018