وردبینی بەغدا بۆ لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەرردەو تەندروستی کۆتای هات

وردبینی ئەلیكترۆنی بۆ لیستی موچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كۆتاییهات و، تەنها ناردنی مووچەکە لە   بەغداوە ماوە.
  
د.ڤیان حسێن بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی پەروەردەو ئەندامی لیژنەی وردبینی موچە بەماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە " وردبینی ئەلیكترۆنی بۆ لیستی موچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كۆتاییهاتووە، چەند رۆژێك لەمەوبەر راپۆرتی سەرەتایی رەوانەی بەغدا كراوە، رۆژی پێنجشەممەش راپۆرتی دووەم رەوانەی بەغدا دەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی پەروەردەو ئەندامی لیژنەی وردبینی موچە دەشڵێت"بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی عیراق كە ئێستا لەهەولێرە پێیڕاگەیاندین كە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە داوای راپۆرتی دووەمیان كردووە، بەڵكو بەپێی ئەو راپۆرتە موچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی رەوانە بكرێت".

سەبارەت بەئەنجامی وردبینیەکە ، د.ڤیان حسێن راشیگەیاند"وردبینی ئەلیكترۆنی 96%ی پاكەو كێشەی تێدا نییە، وردبینی سەر وەرقەش كە لەلایەن لیژنەكانەوە دەكرێت، بەردەوام دەبێت هەتاوەكو راپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكرێت".

ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ زانیاریان پێگەیشتووە كە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا راپۆرتی سەرەتایی وردبینی ئەلیكترۆنی بۆ لیستی موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تەواو دەبێت.



PM:10:54:07/02/2018