ئەفسەرێكی پۆلیس ژیانی چەند هاوڵاتییەكی ڕزگارکرد

پاش ئەوەى ئاگرێك لە هۆتێلێک لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودی شاری سلێمانی کەوتەوە، ئەفسەرێکى پۆلیس توانى ژیانى چەند بریندارێک ڕزگاربکات.

پۆلیسى سلێمانى لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردەوە، دوێنێ دوای ئەوەى ئاگرێک لە هۆتێل نارا لە شارى سلێمانى کەوتەوە، بە گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكان توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵبكرێت و ئەفسەرێكی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی لە هەوڵێكدا توانی بە هانای چەند بریندارێکی ئاگرەكە بكەوێت و ڕزگاریان بكات .


هەروەها دەڵێت "نەقیب زوهێر ماندوونەناسانە و دوای هەوڵێكی زۆر و برینداربوونیشی بەهۆی ئەو ڕووداوەوە، توانی چەند بریندارێک ڕزگار بكات كە لە هۆتێلەكە مابوونەوە و گیریان خواردبوو" .

لەو بارەیەوە نەقیب زوهێر، ئەفسەری بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار كرانەوە لە بوونی ئاگرێك لە هۆتێل نارا، دەستبەجێ‌ هێزەكانیان گەیاندە شوێنی ڕووداوەكە و توانییان بە هاوكاری هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانی تر، سەرجەم برینداران لە شوێنی ئاگاركەوتنەوەكە دوور بخەنەوە و ڕزگاریان بكەن .


دوێنێ ئاگرێک لە هۆتێل نارا لە شەقامى بازنەیى مەلیک مەحمود کەوتەوە و بەوهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون، بەڵام هیچ زیانێکى ماددى بەر دوکان و باڵەخانەکانى تەنیشتى نەکەوت.



AM:09:12:20/02/2018