عەبادی داوایەکی تورکیا لەبارەی هەرێمەوە ڕەت دەکاتەوە

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوایه‌كی حكومه‌تی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ندیل ره‌تده‌كاته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكی نزیك له‌ عه‌بادیش رایده‌گه‌یه‌نێت "به‌هیچ جۆرێك رێگه‌ به‌ سوپای توركیا ناده‌ین ئۆپه‌راسیۆن له‌ناو خاكی عیراق ئه‌نجام بدات".

جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاساو نزیك له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌ "سه‌رۆك وه‌زیران داوایه‌كی فه‌رمیی حكومه‌تی توركیای بۆ رێگه‌دان به‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆسه‌ر ناوچه‌ی قه‌ندیل به‌ئامانجی په‌لاماردانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌، ره‌تكردۆته‌وه‌و هۆشداریشی پێداون له‌هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ لێدوانێكی بن عه‌لی یه‌لدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاشی له‌باره‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕینی عه‌بادی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سه‌ر قه‌ندیل، به‌ناڕاست وه‌سفكردو وتیشی "به‌هیچ جۆرێك عه‌بادی رازی نابێت توركیا هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ بنێت و به‌بیانووی په‌لاماردانی په‌كه‌كه‌، خاكی عیراق ببه‌زێنێت".



PM:04:43:20/02/2018